ئەمڕۆ سێشەم 29ی ئەیلوولی 2026، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا بڵاوی کردەوە، بڕیارە تا سبەی چوارشەم هێزەکانی ئەمەریکا دوایین بنکەکانیان لە عێراق چۆڵ بکەن، کە ئەمەش کۆتایی بە دوو دەیە لە مانەوەیان دەهێنێت کە تێیدا 4500 سەربازی ئەمەریکی گیانیان لەدەست دا. کشانەوەکە لە کاتێکدایە کە ئێران و هاوپەیمانەکانی وەک سەرکەوتنێک دەیبینن، بەڵام شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەم هەنگاوە دەرفەت بە ئێران و ڕێکخراوی داعش دەدات باڵادەست بن و بگەڕێنەوە گۆڕەپانەکە.
لە ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی ڕۆیتەرزدا هاتووە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 2024 لە سەردەمی جۆ بایدن ڕێککەوتنی لەسەر کرا و ئێستە لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترمپ جێبەجێ دەکرێت، تەنانەت لە کاتێکدا کە ململانێ و جەنگ لەگەڵ ئێران هەیە. شارەزایانی تەناهی دەڵێن، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی تاران و هاوپەیمانەکانی ئازادیی تەواویان هەبێت لە عێراقدا و ڕێگە بە دوژمنەکانی تری ئەمەریکاش بدات لە پێشەوەیان ڕێکخراوی داعش، سەرهەڵبدەنەوە.
جاسم بەهادلی شارەزای تەناهیی عێراقی بە ڕۆیتەرزی گوتووە، ئێران لە ڕووی ستراتیجییەوە سوود لە کشانەوەی هاوپەیمانان دەبینێت، چونکە ئەو بوونە سەربازییە لادەبات کە ساڵانێک وەک هێزێکی دژە کێش بەرانبەر هەژموونی تاران لە عێراقدا وەستابوو. پێشبینیش دەکات ئەو گرووپانەی نزیکن لە ئێران، دەیانەوێت ئەو کشانەوەیە بکەنە هەنگاوێک بۆ بەدەستهێنانی هەژموونی زیاتر لە بڕیاردانی سیاسی و تەناهیدا. هاوکات ئەبو موجتەبا یاسری یەکێک لە سەرکردەکانی موقاوەمەی ئیسلامی کشانەوەکەی بە سەرکەوتنی مێژوویی و وەرچەرخانێک وەسف کردووە.
لە لایەکی ترەوە، عەبدولڕەحمان زەوبەعی، سەرکردەیەکی هۆزەکان لە فەلووجە ئاماژەی بەوە کردووە، پێمان وایە عێراق هێشتا بەتەواوی ئامادە نییە دۆسیەی تەناهی بگرێتە دەست. ڕوونیشی کردووەتەوە کە هەموو عێراقییەکان خوازیاری سەروەریی تەواون، بەڵام دروستبوونی بۆشایی تەناهی بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بەم شێوەیە، ئەو مەترسییەیە کە هەمووان لێی دەترسن.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە مێژووی ئەمەریکا لە عێراق کراوە، کە لە ساڵی 2003 بۆ ڕووخاندنی سەدام حوسێن چوونە ناو عێراق و لە کۆتایی ساڵی 2011 کشانەوە. دوای کەمتر لە سێ ساڵ بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی عێراق لە تێکشکاندنی داعش گەڕانەوە. هەروەها ئەمەریکا لە ساڵی 2020 قاسم سلێمانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا کردە ئامانج، کە بووە هۆی هێرشی بەردەوامی گرووپەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا. لە جەنگی ئەمساڵی نێوان ئەمەریکا و ئێرانیشدا، لە کۆی 18 سەربازی کوژراوی ئەمەریکی، حەوتیان لە عێراق بوون کە دوایین کەسیان لە مانگی تەمووزدا بەهۆی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە لە نزیک هەولێر گیانی لەدەست دا.
ئێران کە ئامانجی کۆتایی دەرکردنی ئەمەریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کشانەوەکە بە سەرکەوتنێک بۆ "بەرەی مقاوەمە" ناو دەبات. ئەمیر حەیات موقەدەم جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، دووپاتی کردەوە کە بە ڕۆیشتنی ئەمەریکا ئاسایشی بەردەوام لە عێراق بەرقەرار دەبێت و پێشوازی لەو هەنگاوە دەکەن.
لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرزدا باس لە مەترسییەکانی داعش کراوە. بەرپرسانی تەناهی لە حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دەڵێن، کشانەوەی ئەمەریکا دەرفەتێکی نوێ دەداتە چەکدارانی داعش کە سەرەڕای تێکشکاندنیان لە نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر، هێشتا شانە نوستووەکانیان ماون.
سیروان بارزانی فەرماندەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کردووە، نەبوونی هەواڵگریی ئەمەریکا، پاڵپشتیی لۆجستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، دەرفەت دەداتە داعش خۆی ڕێک بخاتەوە. گوتی، زیاتر لە دوو هەفتەیە تێبینیمان کردووە کە شانە نوستووەکانی داعش جموجۆڵیان هەیە، دوای ئەوەی ڕاگەیەنرا کە هاوپەیمانان لە کۆتایی مانگی ئەیلوول دەکشێنەوە، ئەمەش ورەیانی بەرز کردووەتەوە.
هاوکات چوار بەرپرسی تەناهی و سەربازیی عێراقی ئاشکرایان کردووە کە شانەیەکی داعش ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشی خۆکوژی هاوکات لەگەڵ کشانەوەکە. خالید بەیاتی بەرپرسی تەناهی لە کەرکووک دووپاتی کردەوە، داعش دەیەوێت ئەو پەیامە بنێرێت کە هێشتا بەهێزە و توانای ئەنجامدانی هێرشی خوێناویی هەیە.