یەكێك لەو هونەرمەندە كوردانەی كە لە شاخ هاندەری پێشمەرگە و خەبات بوو و لە شار دڵداری عاشقان و كچ و كوڕانی كورد بوو، هونەرمەند حەمە جەزا بوو؛ هونەرمەندێك كە تەمەنێكی بۆ خزمەتی هونەری كوردی تەرخان كرد و دەنگ و گۆرانییەكانی هێشتا لە یاد و بیری خەڵكدا دەزرەنگێنەوە.
محەمەد جەزا عەلی، ناسراو بە حەمە جەزا، لە ساڵی 1949 لە شاری سلێمانی لەدایك بوو. لە منداڵییەوە حەزی بە هونەر و گۆرانی هەبوو. زۆرینەی بنەماڵەكەشیان بە كەسانی دەنگخۆش ناسراون و ژمارەیەكیان ناوی خۆیان لە مێژووی هونەری كوردیدا تۆمار كردووە.
حەمە جەزا لە تەمەنی 19 ساڵیدا ژیانی هاوسەری پێكهێنا و دواتر بووە خاوەنی شەش منداڵ، ساڵی 1970 بۆ یەكەمجار بەرەو هەولێر ڕۆیشت و لە ئاهەنگی 16ی ئابدا بەشداری كرد، بەگوێرەی یادەوەرییەكانی خۆی، دواتر بە تەواوەتی لە هەولێر نیشتەجێ بوو و بەهۆی دەنگی خۆش و توانای هونەرییەوە، دۆستان و هاوڕێی زۆری پەیدا كرد و لەناو هونەرمەندان و ڕۆشنبیراندا ناسراو بوو.
لە ساڵی 1969 بووە ئەندامی تیپی هونەر و وێژەی كوردی و لەگەڵ هاوتەمەنەكانی، لەوانە عوسمان عەلی، سەلاح مەجید و حەمەی نێرگز، بەشداری چەندان ئاهەنگی موزیك كرد.
یەكەمین بەرهەمی تۆماركراوی حەمە جەزا لە ساڵی 1971 بە ناوی "بیبی خانم" بوو كە لە سلێمانی و لەگەڵ چەند ئەندامێكی تیپی موزیكی باواجی كۆیە تۆمار كرا. ساڵی 1977 بەرهەمی "عیشق و ئازادی"، بە هۆنراوەی هێمن موكریانی، بڵاوكردەوە. ئەم گۆرانییە ناوبانگی زیاتر بە حەمە جەزا بەخشی و بە ماوەیەكی كەم لە سەرانسەری كوردستاندا بڵاو بووەوە.
لە ساڵی 1977 دا دوو گۆرانی لەگەڵ تیپی موزیكی هەولێر تۆمار كرد، ساڵی 1978 چوار گۆرانیی تری لەگەڵ هەمان تیپ بڵاوكردەوە و ساڵی 1980یش دوو گۆرانیی تری تۆمار كرد، حەمە جەزا زۆربەی بەرهەمە بەپێزەكانی لەگەڵ هونەرمەندی عودژەن ڕزگار خۆشناو تۆمار كردووە.
لە شارەوە بۆ شاخ
ژیانی حەمە جەزا تەنیا بە ئاهەنگ و گۆرانییەكانی شار نەبوو، دوای ئەوەی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە هەراسان و ڕاوەدوونرا، لە 23ی ئایاری 1981 هەولێری بەجێهێشت و بەرەو شاخ ڕۆیشت.
سەرەڕای سەختییەكانی ژیانی شاخ و پێشمەرگایەتی، حەمە جەزا لە هونەر دوور نەكەوتەوە و لەگەڵ تیپی موزیكی شەهید كارزان بە چالاكیی هونەری خۆی بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا كۆمەڵێك سروودی نیشتمانی بۆ پێشمەرگە و خەباتی ڕزگاریخوازی كوردستان تۆمار كرد.
ئەم قۆناغە لە ژیانی حەمە جەزا بوو بە تێكەڵەیەك لە هونەر و خەبات؛ لە شاخ دەنگی بۆ هاندانی پێشمەرگە و خەبات دەگوت، و لە شاردا گۆرانییەكانی دەبوونە بەشێك لە خۆشی و سۆزی ژیانی خەڵك.
ژیان لە كۆمەڵگەی كوردانی دانیمارك
ساڵی 1990 حەمە جەزا لەگەڵ ماڵباتەكەیدا بەرەو دانیمارك ڕۆیشت، بەڵام دووری لە كوردستان نەیتوانی پێوەندییەكانی لەگەڵ هونەر و خەڵكی كورد ببڕێت. زۆرجار سەردانی كوردستانی دەكردەوە و بەشداری چالاكییە هونەرییەكان دەبوو.
دوای ساڵی 2000 چەندان ئاهەنگی لە هەولێر، سلێمانی، كەركووك و ڕۆژهەڵاتی كوردستان ساز كرد و بەشداری دەیان بەرنامەی ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنی كرد.
دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991، حەمە جەزا ئاهەنگی یانەی مامۆستایانی لەگەڵ تیپی هونەری هەولێر لە شاری هەولێر ساز كرد و بەردەوام بوو لە بەشدارییە هونەرییەكان.
لە گۆرانییەوە تا شاعیری
حەمە جەزا تەنیا گۆانیبێژ نەبوو، خۆی خەریكی نووسینی هۆنراوەش بوو و دیوانێكی گەورەی چاپ كرد.
لە لاپەڕەی 239ی دیوانەكەیدا، بەرواری 10ی تشرینی دووەمی 2008 لە دانیمارك، لەبارەی نەخۆشییەكەی دەنووسێت و دەڵێت: بۆنكرۆزی دێ لە سینەم، قرچەی سووتانی جگەرمە ئەتاسێنی هەناسە و دڵ... ئازار وا گەیشتە جەستەم، دەزانم دەردم گران، من دەردەداری شێرپەنجەم، مەرگم نزیكە و لێم حاڵی... بەهیوای خۆشی ژیانم.
لە ساڵی 2007دا تووشی شێرپەنجەی پانكریاس بوو و بۆ چارەسەری پزیشكی سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و شوێنانی تری كرد.
كۆتایی ژیان، بەڵام ..
ئێوارەی یەكی تشرینی یەكەمی 2010 دڵی گەورەی حەمە جەزا لە لێدان كەوت و بەیەكجاری ماڵئاوایی لە ژیان كرد.
هەر هەمان ڕۆژ، لە كەژاوەیەكی پڕشكۆ و بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە كەس و كار، دۆستان و هاوڕێیانی هونەرمەند، لە گردی سەیوانی سلێمانی بە خاك سپێردرا.
حەمە جەزا لە ژیاندا شاخ و شار، خەبات و هونەر، سۆز و ئازادی و خۆشەویستیی كوردستانی لە دەنگ و گۆرانییەكانیدا كۆكردەوە.