ئەمڕۆ هەینی دووی تشرینی یەکەمی 2026، لە کاتێکدا تەنیا مانگێک و چەند ڕۆژێکمان ماوە بۆ 13ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ئەو ڕێکەوتە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە بەپێی توێژینەوەیەکی زانستی کە 66 ساڵ پێش ئێستە و لە ساڵی 1960 بڵاو کراوەتەوە، پێشبینی کراوە لەو ڕۆژەدا ژمارەی دانیشتووانی زەوی بگاتە ئاستی بێکۆتا و مرۆڤایەتی بەهۆی زۆریی ژمارەیان و قەرەباڵغییەوە لەناو بچن، نەک بەهۆی برسێتییەوە.
توێژینەوەکە لە ساڵی 1960 لە گۆڤاری "سایەنس" لەژێر ناونیشانی "ڕۆژی قیامەت، هەینی، 13ی تشرینی دووەمی 2026" بڵاو کراوەتەوە. بابەتەکە لەلایەن هاینز فۆن فۆرستەر مامۆستای نەمساوی-ئەمەریکایی لە زانستی سایبەرنێتیک، بە هاوبەشی لەگەڵ دوو قوتابییەکەی بە ناوەکانی پاتریشیا مۆرا و لۆڕێنس ئامیۆت ئامادە کرابوو.
توێژینەوەکە پشتی بە شیکردنەوەی 24 خەمڵاندنی ژمارەی دانیشتووانی جیهان بەستبوو لە ماوەی دوو هەزار ساڵدا. فۆرستەر و هاوکارەکانی پێیان وابوو کە گەشەی دانیشتووان بەردەوام خێراتر دەبێت، چونکە مرۆڤەکان توانای پێوەندی و هاوکاریکردنی یەکتریان هەیە، بۆیە دوای بەکارهێنانی مۆدێلێکی بیرکاری، گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە ژمارەی دانیشتووان لە 13ی تشرینی دووەمی 2026 دەگاتە ئاستی بێکۆتا. لە ڕستە بەناوبانگەکەیاندا هاتووە، "نەوەکانی نەوەمان لە برسان نامرن، بەڵکوو بەهۆی تێکپەستان و زۆریی قەرەباڵغییەوە دەمرن".
لەکاتی خۆیدا ئەم پێشبینییە دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو و لەلایەن میدیا گەورەکانی وەک گۆڤاری تایم و نیویۆرک تایمزەوە بڵاو کرایەوە. تا ساڵانی هەشتاکانیش ژمارەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی جیهان زۆر نزیک بوو لەو هێڵەی کە توێژینەوەکە کێشابووی. بەڵام لە ساڵی 1993ەوە ئاراستەکە گۆڕا، کاتێک ژمارەی دانیشتووان لەو ئاستە کەمتر بووەوە کە پێشبینی کرابوو.
هۆکاری ڕوونەدانی ئەم پێشبینییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە دەیەکانی ڕابردوودا ڕێژەی منداڵبوون لە جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و تێکڕای ژمارەی منداڵ بۆ هەر ژنێک کەم بووەوە، بەمەش گەشەی دانیشتووان بەو خێراییە بەردەوام نەبوو کە توێژینەوەکە گریمانەی بۆ کردبوو. لەگەڵ ئەوەی فۆرستەر پێشتر کاری سیحر و فێڵی دەستی کردووە و شێوازی خستنەڕووی توێژینەوەکەی سەرنجڕاکێش بووە، بەڵام ئێستە داتاکان نیشانی دەدەن کە مرۆڤایەتی زۆر دوورە لەو کارەساتەی کە پێشبینی کرابوو.