ئەمڕۆ هەینی دووی تشرینی یەکەمی 2026، نرخی گوێدرێژ لە بازاڕەکانی ئاژەڵداریی پارێزگای کەرکووک بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە نزیکەی 400 هەزار دیناری عێراقی، ئەمەیش سەرنجی بازرگانان و ئاژەڵدارانی ڕاکێشاوە.
عادل حەسەن، لە بازاڕی ئاژەڵانى پارێزگاى کەرکووک لە لێدوانێکدا
گوتی، نرخی گوێدرێژ بەپێی تەمەن، قەبارە، هێز و باری تەندروستی جیاوازە، سەرەڕای توانای کارکردن و بەخێوکردن. ڕوونى کردەوە، "بازاڕ جیاوازییەکی ڕوونی نرخەکان بەخۆیەوە دەبینێت و ناکرێت نرخێکی جێگیر بۆ هەموویان دابنرێت، ئەو ئاژەڵەی کە خاوەنی بنیاتێکی بەهێز و تەندروستییەکی باش و توانای بەرگەگرتن بێت، نرخێکی بەرزتر بەدەست دەهێنێت".
لە لایەکی ترەوە، سالم عەبدولجەبار کە بەخێوکەری مەڕوماڵاتە، لە لێدوانێکدا گوتی، دیاریکردنی نرخی گوێدرێژ پشت بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی دەبەستێت، لەوانە پێکهاتەی جەستەیی، باڵا، کێش، تەمەن و هێز، لەگەڵ ڕەگەز و بنەچە.
زیاتر گوتى، هەندێک لە ڕەگەزە بیانییەکان لە بازاڕەکانی جیهاندا بەهایەکی بەرزیان هەیە، بەتایبەتی ڕەگەزە گەورە و دەگمەنەکان کە بوونەتە جێی بایەخی بەخێوکەرانی ئاژەڵان.
کەریم عامر، پسپۆڕی بواری ئاژەڵ و ڤێتێرنەری دەڵێ، بەهای گوێدرێژ تەنیا بە قەبارەکەی دیاری ناکرێت، بەڵکو بە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی بۆماوەیی، تەندروستی و جەستەیی دیاری دەکرێت، ڕەگەزە دەگمەنەکان یان خاوەن سیفەتی تایبەت دەکرێت بەهایان بەرزتر بێت لە گوێدرێژی ئاسایی.
ئەم پسپۆڕە گوتیشی، "باری تەندروستیی ئاژەڵ هۆکارێکی سەرەکییە لە دیاریکردنی نرخەکەی، هاوشانی تەمەن، سەلامەتیی پەلەکان، ددان و توانای جووڵە و بەرگەگرتن، سەرەڕای سیفەتە بۆماوەیییەکان ئەگەر ئاژەڵەکە بۆ زۆربوون تەرخان کرابێت".
ئاماژەی بەوەیش کرد، ئەو نرخانەی لە بازاڕەکانی تر تۆمار دەکرێن، ناکرێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەراورد بکرێن بە بازاڕی عێراق بەهۆی جیاوازیی ڕەگەز، تێچووی بەخێوکردن، گواستنەوە و قەبارەی خواست، نرخی 400 هەزار دینار لە کەرکووک نرخێکی سەرنجڕاکێشە بۆ گوێدرێژ لە بازاڕی ناوخۆدا، بەڵام بەو مانایە نییە هەموو گوێدرێژەکان لە نرخدا وەک یەک بن.