پزیشکێک نهێنیی دابەزاندنی کێش بەبێ برسیبوون ئاشکرا دەکات

:: PM:07:41:02/10/2026 ‌
ڕاوێژکارێکى نەخۆشییەکانى هەناو ڕێگەیەکى زانستیی نوێی بۆ دابەزاندنی کێشی لەش بەبێ برسیبوون خستە ڕوو، تێیدا دووپاتی کردەوە کە هۆکاری سەرنەکەوتنی زۆربەی رجیمە خۆراکییەکان کەمخواردن نییە، بەڵکو نەزانینی شێوازی برسیبوونی جەستەیە، کە بەپێی کات و جۆری ئارەزووی خواردن بۆ چوار جۆری جیاواز دابەش دەبێت و پێویستیان بە چوار جۆر چارەسەری جیاواز هەیە.

دکتۆر سەیف جەڕاح ڕاوێژکارى نەخۆشییەکانى هەناو دەڵێ، گەورەترین هەڵە کە زۆر کەس تێی دەکەوێت هەوڵدانە بۆ کەمکردنەوەی کێش بەبێ زانینی جۆری بنیاتى لەش و شێوازی برسیبوونەکەی، چونکە لەشی مرۆڤ بە یەک شێواز مامەڵە لەگەڵ خواردن و کالۆریدا ناکات.

بەپێی ئەو سیستمەی بە سیستمى خۆڕسکى لەش "سیستمی فترەت" ناسراوە، لەبری پرسیاری "چەند بخۆم؟" دەبێت سەرەتا پرسیاری "لەشم چۆن برسی دەبێت؟" وەڵام بدرێتەوە، چونکە کەسەکان وەک یەک برسی نابن، دکتۆر سەیف شێوازی برسیبوونی مرۆڤی بۆ چوار جۆری سەرەکی پۆلێن کردووە:
- جۆری شێر، برسیبوونی درێژخایەن و ژەمی گەورە: ئەم کەسە دەتوانێت چەندان سەعات بەرگەی برسیبوون بگرێت، بەڵام کاتێک دەچێتە سەر خواردن، ژەمێکی زۆر گەورە و قورس دەخوات؛ چارەسەری ئەم جۆرە تەنیا لە ڕێکخستنی کاتی ژەمەکان و کەمکردنەوەی قەبارەی خواردنی دایە.

- جۆری ورچ، حەزی بەردەوام بۆ شیرینی: ئەم کەسە زوو زوو برسیی دەبێتەوە و بە درەنگی هەست بە تێربوون دەکات، بەردەوامیش مەیلی بۆ شەکر و شیرینی دەچێت، چارەسەری ئەم کەسە بە کەمخواردن نابێت، بەڵکو دەبێت ئەو خۆراکانە بخوات کە پرۆتین و ڕیشاڵیان زۆرە تا زوو تێر بێت و درەنگ برسیی بێتەوە.

- جۆری گورگ، برسیبوونی دەروونی و دڵەڕاوکێ: ئەم جۆرەیان خواردنەکەی پێوەندیی بە برسیبوونی ڕاستەقینەی لەشەوە نییە، بەڵکو کاتێک تووشی دڵەڕاوکێ، تووڕەیی یان بێتاقەتی دەبێت بەتایبەتی لە شەواندا، پەنا بۆ نانخواردن دەبات چارەسەری کێشی ئەم کەسە بە هێورکردنەوەی دەروونی دەکرێت، نەک بە پارێزیکردنی توند.

- جۆری ڕێوی، جەستەی گونجاو بەڵام بێ بەردەوامی: ئەم کەسە زوو کێشی دادەبەزێت، بەڵام ناتوانێت لەسەر یەک جۆر خۆراک بەردەوام بێت و خێرا واز دەهێنێت، چارەسەری ئەم جۆرە پێویستی بە بەرنامەیەکی خۆراکیی نەرم و هەمەجۆر هەیە تا لێی وەڕس نەبێت.

ئەم تێڕوانینە پزیشکییە پشت بە توێژینەوەیەکی ساڵی 2021ی ناوەندی "مایۆ کلینیک" دەبەستێت، کە سەلماندوویەتی مرۆڤەکان لە ئارەزووی خواردن و سووتاندنی چەوریدا هاوشێوە نین، هەر بۆیە ناکرێت یەک جۆر پارێز بەسەر هەموو کەسێکدا بسەپێنرێت.

دکتۆر سەیف دەڵێ، چارەسەری کێشی زیادە تەنیا پێوەندیی بە ڕوخسار و جوانییەوە نییە، بەڵکو پێوەندیی بە کەمکردنەوەی مەترسیی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە، بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ، چەوریی جگەر، کێشەی جومگەکان و تێکچوونی هۆرمۆنەکانەوە هەیە.

ئاماژەی بەوەیش کرد، پێڕەوکردنی پارێزی توند و برسی هێشتنەوەی لەش کێشەکە چارەسەر ناکات و دەبێتە هۆی گەڕانەوەی خێرای کێش، بەڵکو دەبێت سەرەتا لە هۆکاری برسیبوونی جەستە تێبگەین بۆ ئەوەی ڕێگەی دروستی دابەزاندنی کێش بدۆزینەوە.


وشە - رزگار خدر