سەركردەكانی گرووپی جی حەوت ئاشكرایان كرد، دەست بە دەرهێنانی 100 ملیۆن بەرمیل گازوایلی یەدەگكراو بۆ بازاڕەكان لە ڕێی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە دەكەن، بە ئامانجی جێگیركردنی بازاڕی وزە لە دنیا و دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی.
سەركردەی حەوت وڵاتەكە لە ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشدا ئاماژەیان داوە، پرۆسەی دەرهێنانی گازوایلی یەدەگ ڕاستەوخۆ دەست پێ دەكات و بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوامی دەبێت، ئەمەیش بەشێكە لەو ڕێوشوێنانەی بە ئامانجی دەستەبەركردنی سووتەمەنی لە بازاڕی وزەی نێودەوڵەتی دەگیرێتەبەر.
لە بەشێكی تری
پەیامەكەی گرووپی جی حەوتدا هاتووە، پابەندین بە نەسەپاندنی ڕێوشوێن و كۆتوبەند لەسەر هاوردەكردنی وزە و بەرهەمەكانی لە نێوان هەر حەوت وڵاتەكە، داوایش لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری وزە دەكەین، ڕێگری لە سەپاندنی هەر قەدەغە و ڕێگرییەك لەبارەی زیادبوونی گرژییەكان لە بازاڕی نێودەوڵەتی وزە بگرن.
هاوكات لە كۆتاییدا دووپات لەوە كراوەتەوە، هەر حەوت وڵاتەكە بە هاوئاهەنگی خشتەی كاری چاككردنەوەی پاڵاوگەكانی نەوت لە ناو وڵاتەكانیان ئەنجام دەدەن، ئەمەیش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكان بۆ پاراستنی جێگیری بازاڕ و بوونی سووتەمەنی زۆر و بەردەست بۆ سەرجەم هاووڵاتییان.