بەنزینی بازرگانی ڕووی لە دابەزینە و ئەم هەفتەیە گۆڕانكاریی نوێ بەسەر نرخەكان دێت، لە ئەمڕۆوە لە 50 بۆ 110 دینار بۆ هەر لیترێك نرخەكەی دابەزیوە و پێشبینیی دابەزینی زیاتریش دەكرێت.
ئەمڕۆ شەموو سێی تشرینی یەكەم، مەریوان حوسێن لە بۆرسەی بەنزینفرۆشانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، نرخی بەنزین رووی لە دابەزین كردووە و ئەوەیش دوو هۆكاری هەیە.
ئەو بەنزینفرۆشە زیاتر گوتی، بەنزینی بازرگانی ڕووی لە دابەزین كردووە، بەتایبەت بەنزینی نۆرماڵ، چاوەڕوان دەكرێت گۆڕانكاریی نوێ لە نرخەكەیدا بكرێت، دوو هۆكار هەن بۆ دابەزینی نرخەكەیان یەكەمیان، بەردەوامی دابەشكردنی بەنزینی پاڵپشتیكراوە، دووەمیش، بەرهەمهێنانی زیاتری بەنزین و هاوردەكردنی.
بە گوتەی ئەو بەنزینفرۆشە، ئێستە كەشوهەواش خۆش بووە و ئەمەیش كاریگەریی لەسەر كەم بەكارهێنانی بەنزین هەیە، وا دەكات شوفێر پێویستی بە تەبرید نەبێت، ئەمەیش وادەكات ئۆتۆمبێل كەمتر بەنزین بسووتێنێت.
بە گوتەی ئەو بەنزینفرۆشە، لە هەولێر ئێستە نرخی لیترێك بەنزینی بازرگانیی نۆرماڵ لە نێوان 1190 دینار بۆ 1350 دینارە، لەگەڵ دوو هەفتە پێش ئێستە زیاتر لە 500 دینار دابەزیوە.