56 وڵاتی جیاجیای دنیا لە دەسپێشخەرییەكدا لە ژێر ناوی "نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەكی كۆكوژ"، دووپات دەكەنەوە و بەڵێن دەدەن، پابەندی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبن، ئەگەر ئێران كار لەسەر بەرنامە ناوكییەكەی بكاتەوە و هەوڵی دروستكردنی چەك و مووشەكی بالیستیكی قەدەغەكراو بدات، ئەوا سزای بەسەردا دەسەپێنن.
ئەو وڵاتانە لە
ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشدا نووسیویانە، شەش بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بە ژمارەكانی 1696، 1773، 1747، 1803، 1835، 1929 بوونی هەیە و لە ئەیلوول/سێپتێمبەری 2025ەوە خراوەتە بواری جێبەجێكردن، لە ئەنجامی تەواوكردنی میكانیزمی دووبارە سەپاندنەوەی سزاكان، هەریەك لە فڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا پێشكەشیان كردووە، لە دەرئەنجامی بەردەوامی پابەندنەبوونی تاران بە ڕێككەوتنی ناوكی 2015.
56 وڵاتەكە دووپات لەوە دەكەنەوە، ڕێوشوێنی توند دەگرنەبەر بۆ ڕێگرتن لە فرۆشتن و گواستنەوەی مادە و كەلوپەل و كاڵای تەكنەلۆجی بۆ ئێران، ئەگەر تاران بەردەوام بێ لە چالاكییە ناوكییە هەستیارەكان و پەرەپێدانی بەرنامەی ناوكی بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی.
هاوكات بەڵێنیان داوە، ڕێگریی لە گواستنەوەی هەر كاڵایەك بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ و ڕاستەوخۆ لەسەر خاك و ئاسمانی ئەوانەی بۆ ئێران دەكەن، ببێتە هۆی پەرەپێدانی زیاتری بەرنامەی ناوكی و گەیشتنی تاران بە هەبوونی چەكی كۆكوژ، درۆن و مادەی تایبەت بە دروستكردنی مووشەك و چەك.
لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا ئەو وڵاتانە دەڵێن، ئاسانكاری بۆ گواستنەوەی زانیاری لە نێوان خۆیان لەبارەی چالاكییەكانی ئێران دەستەبەر دەكەن، چاوخشانەوە بە ڕێوشوێنە یاساییەكان دەكەن لە كاتی پێویست و ڕێوشوێن و هەنگاو بۆ پشتیوانیكردنی هەڵمەتەكانی ڕێگرتن لە گەیشتنی كەلوپەل و كاڵا بۆ ئێران دەكەن.