هاوپەیمانان: بە جۆرێكی تر بەردەوام دەبین لە هاوكاریكردنی عێراق

:: AM:10:24:03/10/2026 ‌
دوای كشانەوەی سەرجەم هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی داعش لە عێراق، سەرانی هاوپەیمانییەكە لە ڕۆما كۆبوونەوەیەكی ئاساییان ساز كرد و دووپاتیان كردەوە، بەردەوام دەبن لە پشتیوانیكردنی حكوومەتی عێراق و سووریا، تا هۆكارەكانی دروستبوونی داعش و هاوشێوەكانی لەو دوو وڵاتە دروست نەبنەوە.

لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكادا هاتووە، بەڕێوەبەرانی سیاسی و گەورە دیپلۆماتكارانی ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق و سووریا، لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا كۆبوونەوەیەكی ئاسایی خۆیان ساز كرد.

بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، عێراق و سووریا سەركەوتوو بوون لە لاوازكردنی تەواوەتی داعش لە ڕێی ئۆپراسیۆنی "ئیرادەی تۆكمە"ەوە، ئەمەیش سەركەوتنێكی گەورەی ئەو دوو وڵاتە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە، كشانەوەیشمان لە عێراق، بەهۆی پابەندبوونی حكوومەتی عێراقە لە گرتنەئەستۆی تەواوی دۆسیەی تەناهی وڵات و بنیاتنانەوەی بەردەوامی توانای هێزە چەكدارەكان و هێنانەدی ئاشتیی كۆمەڵایەتی.

ئاماژە دراوە، بەردەوامبوونی ئاسایش و ئارامیی ئەو دوو وڵاتە پشت بە بەهێزكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و بوونی سەروەری تەواو بۆ ئەو وڵاتانە دەگەڕێتەوە، هەروەها بەشداربوونی هەمووان لە پرۆسەی سیاسی و دروستكردنی بڕیار بۆ بنیاتنان و نەخشەڕێژكردنی داهاتووی ئەو وڵاتانە.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا، ڕۆڵی هاوپەیمانان وەك ئامرازی جێگیری عێراق و سووریا بەردەوامی دەبێ، پشتیوانیی نێودەوڵەتی لەمەودوا بۆ باشكردنی توانای هێزەكانی ئەو دوو وڵاتە لە بە ئامانجگرتنی پاشماوەكانی داعش و دروستبوونی ناكۆكی ناوخۆیی بوونی دەبێت، كە پێشتر لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە، جیاوازی و ناكۆكییەكان بوونە خاڵێكی لاواز و بە تەواوی قۆزرانەوە.

ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ كاركردنی هاوبەش لەگەڵ حكوومەتی عێراق و سووریا، بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە و بەڵێنی بەخشینی 75 ملیۆن دۆلاریشیان دا، بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكانی هێزی دژەتیرۆر و باشكردنی گرتووخانەكان و دروستكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و ئاوەڕۆ بۆ خەڵكی ئاوارە و گیراوان لە هەردوولا وڵات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د