زەنجەبیل بۆ پەتای وەرزی و سەرما چارەسەرە

:: PM:01:32:03/10/2026 ‌
وەرزی پایزە و سەرما رووی تێكردووین، پسپۆرانی تەندروستی رێنوێنیی دەخەنەڕوو كە زەنجەبیل، یەك لە چارەسەرییەكانە بۆ پەتای وەرزی و سەرما و پارێزگاری لە تەندروستیی ریخۆڵە، بۆیە لەم وەرزە و تا زستانیش، زەنجەبیل بۆ ئەو حاڵەتانە چارەسەرێكی باشە.

بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی "شەرق ئەوسەت"، هەواڵەكەی لە پێگەی "میدیكاڵ یوز تودەی" وەرگرتووە كە پسپۆرانی تەندروستی قسەیان لەبارەی سوودەكانی زەنجەبیل بۆ پێگەكە كردووە، باس لەوە دەكەن كە زەنجەبیل بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكانی پەتای وەرزی و سەرما و ئازاری قوڕگ و هەندێك جاریش سەرسوڕان، زۆر بەسوودە و تا ئاستێكی زۆریش ئەو حاڵەتانە كەمتر دەكاتەوە.

باس لەوە دەكەن كە زەنجەبیل لە چەندان سەدەی رابردووەوە بۆ چارەسەری زۆر لە نەخۆشییەكان بەكار هاتووە، بۆ نموونە هەوكردنی جومگەكان و ئازاری سك، تا ئێستەیش خەڵكێكی زۆر بۆ كۆكە و تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا و پەتای وەرزی بەكاری دێنن، بۆیە لە چەندان توێژینەوەدا باس لە سوودەكانی ئەو خۆراكە كراوە، بەتایبەتی دەكرێتە چای و بە گەرمی دەخورێتەوە.

پسپۆران دووپاتی دەكەنەوە، تا ئێستە بەڵگەیەكی تەواو لە بەردەست نییە كە زەنجەبیل بتوانێ بەیەكجاری پەتای وەرزی نەهێڵێت، بەڵام بەپێی توێژینەوەكان كە تا ئێستە كراون، دەتوانێ تا ئاستێكی زۆر ئەو حاڵەتانە كەمتر بكاتەوە. رێگە لە تەشەنەی هەوكردنی قوڕگ دەگرێ و نەخۆشییەكانی كە بەهۆی سەرماوە تووشی مرۆڤ دەبن، كەمتر دەكاتەوە.

بەپێی توێژینەوەیەك كە پێشتر ئەنجام دراوە، توێژەران دووپات دەكەنەوە كە زەنجەبیل دژە میكرۆبەكانە و رێگە نادات میكرۆب لە جەستەدا گەشە بكات، ئەویش هۆیەكی تریش تووشبوون بە نەخۆشییەكانی سەرمایە. ئاماژە دەدەن كە یەك لە سوودەكانی دژە بەكتریایە.

دواتریش پسپۆرانی تەندروستی باس لەوە دەكەن كە بەپێی توێژینەوەكان، زەنجەبیل دژە ڤایرۆسە و هەر نەخۆشییەك بەهۆی ڤایرۆسەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، تا ئاستێكی زۆر زەنجەبیل چارەسەری دەكات. خۆ ئەگەر زەنجەبیل و سیر تێكەڵ بكرێن، باشترین چارەسەری پەتای وەرزی و لەناوبردنی ڤایرۆسە. بەشێوەیەكی گشتی لەم وەرزە و تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا، زەنجەبیل چارەسەری هەوكردن بەشێوەیەكی گشتییە بەتایبەتی بۆ ئازاری قوڕگ.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د