ئاڵۆزی بازاڕی دۆلار كۆتایی نەهاتووە، بەڵام تاڕادەیەك نرخی دینار بەرانبەر بە دۆلار بەرز بووەوە، ئەوە لەكاتێكدا بەیانی ئەمڕۆ 100 دۆلاری ئەمەریكی 171 هەزار دیناری تێپەڕاند.
دینار لە كاتی داخستنی بازاڕدا بەشێك لە بەها لە دەستچووەكەی هێنایەوە، بەڵام هێشتا زۆر جیاوازە بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو، كاتێك نرخی دۆلار 157 هەزار دینار بوو.
كەمێك لەمەوبەر حاجی فەیزوڵا خاوەنی نووسینگەی دراو لە هەولێر، بۆ "وشە" گوتی، بەهای دینار تا ڕادەیەك بەرزبووەتەوە و 100 دۆلار بە 165 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوەكراوە، لەكاتی داخستنی بازاڕدا".
روونیشی كردەوە كە هێشتا بازاڕی دۆلار ئاڵۆزە، چونكە هیچ روونكردنەوەیەكی فەرمی نییە كە دۆخە بە چ ئاراستەیەك دەڕوات. هەروەك پێشبینی دەكرد كە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەگەر دۆلاری پێویست بگاتە بازاڕ و تا یەكلاكردنەوەی ئەو نرخە فەرمییە و هەوڵەكانی پەرلەمانی عێراق دینار لەوە زیاتر دانابەزێت.
ئەمڕۆ لەكاتی لەخەوهەستانی خەڵكی عێراق، بانكی ناوەندیی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نرخی نوێی دۆلاریان بە دینار دیاری كرد كە 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار دەدرێتە بازرگانان و هاووڵاتییان ئەوەیش نیگەرانی زۆری لێ كەوتەوە. هاوكات بڕیارە سبەی پەرلەمان كۆببێتەوە و بانگهێشتی پارێزگاری بانكی ناوەندی و وەزیری دارایی عێراق بكات.