كۆشكی سپی داوای بژاردەی سەربازی بۆ بۆردمانكردنی ئامانجەكانی ئێران دەكات

:: PM:11:15:07/10/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی تشرینی یەکەمی 2026، گۆڤارێكی ئەمەریكی ئاشكرای كرد كە كۆشكی سپی داوای لە وەزارەتی بەرگری (پێنتاگۆن) كردووە بژاردەی جیاواز ئامادە بكات بۆ ئەنجامدانی هێرش و بۆردمانكردنی ئامانجەكانی ئێران، ئەمەش پێش هەڵبژاردنەكانی مانگی داهاتوو و بە ئامانجی دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی.

لە ڕاپۆرتێكی گۆڤاری "زە ئەتلانتیك"ـی ئەمەریكیدا هاتووە، كۆشكی سپی داوای لە پێنتاگۆن كردووە بژاردەی سەربازی بۆ لێدانی ئامانجەكانی ئێران ئامادە بكات.

گۆڤارەكە لە زاری بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمەریکاوە گواستوویەتیەوە، بژاردەكانی هێرشكردنە سەر ئامانجەكانی ئێران دەكرێت پێش هەڵبژاردنەكانی نیوەی خول كە بڕیارە لە تشرینی دووەمی داهاتوو بەڕێوە بچێت، جێبەجێ بكرێن.

بەرپرسە ئەمەریكییەكان ئاماژەیان بەوەیش كرد، ئەو پلانانەی دژی ئێران دادەڕێژرێن، ڕەنگدانەوەی ئەوەن كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریکا تا چەند ئارەزووی دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی هەیە.

پێشتریش هەر ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ دووپاتی كردەوە، ململانێ لەگەڵ ئێران بەمزووانە بە هەر شێوەیەك بێت كۆتایی دێت. هەروەها ئاماژەی بەوەیش كرد، ئێران لە دۆخێكی سەختدایە و بە هیچ شێوەیەك نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.


وشە - پۆڵا مەحموود