سزاى مەرگ بۆ نیدال حەسەن ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێت

:: PM:06:21:09/10/2026 ‌
بڕیاری وەزارەتی جەنگى ئەمەریکا بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی نیدال حەسەن، تۆمەتباری کوشتنی 13 کەس لە هێرشەکەی ساڵی 2009ی بنکەی فۆرت هوود لە ڕێگەی دەستڕێژی گولە و پەخشکردنی ڕاستەوخۆی لە ئینتەرنێت لە سێی کانوونی یەکەمی داهاتوو، ناڕەزایەتیی توندی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی لێ کەوتەوە کە ئەم هەنگاوەیان بە "ئەشکەنجەدان" و پێشێلکردنی شکۆی مرۆڤ ناو برد.

بەرپرسێکی پێنتاگۆن بۆ تۆڕی "ئەی بی سی نیوز" ئاشکرای کرد، بە ڕەزامەندیی دۆناڵند ترەمپ سەرۆکى ئەمەریکا بڕیار دراوە لە سێی کانوونی یەکەمی داهاتوو لە سەعات یەکی پاشنیوەڕۆ لە ناو بنکەی فۆرت هوود لە ویلایەتی تێکساس کە هاوکاتە لەگەڵ شوێن و کاتی هێرشەکەی ساڵی 2009، سزای لەسێدارەدانی حەسەن بە دەستڕێژی گولە جێبەجێ بکرێت و ڕاستەوخۆ پەخش بکرێت، ئەمەیش یەکەم لەسێدارەدان دەبێت سوپای ئەمەریکا لە دوای ساڵی 1961ەوە ئەنجامی بدات، و یەکەم سزای لەسێدارەدانە بە دەستڕێژی گولە لە دوای ساڵی 1945ەوە.

پیت هیگسێس، وەزیری جەنگى ئەمەریکا لە لێدوانێکدا گوتی، "دڵنیا دەبینەوە لەوەی خەڵک بتوانن بینەری ڕووداوەکە بن و بە ئاشکرا ئەنجام بدرێت." هاوکات ئاماژەی بەوەیش کرد، کە ئامانج لەم کارە ئەوەیە نیشانی بدەن ئەم جۆرە کردەوانە دەرئەنجامی زۆر مەترسیداریان دەبێت.

لە بەرانبەردا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەم بڕیارەیان سەرکۆنە کرد کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕای گەیاند کە پەخشکردنی ڕاستەوخۆی لەسێدارەدان هاوتای لەسێدارەدانی ئاشکرایە و پێشێلکردنی قەدەغەکردنی ڕەهای ئەشکەنجەدان و سزای دڕندانەیە.

نیدال حەسەن لە ساڵی 1970 لە ئەمەریکا لەدایک بووە، لە ساڵی 2003 وەک پزیشک لە سوپای ئەمەریکا کارى کردووە و لە ساڵی 2009 کاتێک پلەی ڕائیدی هەبووە لە پزیشکیی دەروونی، پێش ناردنی بۆ ئەفغانستان دەستڕێژی گولەی لە ناو بنکەی فۆرت هوود کرد و بووە هۆی کوژرانی 13 کەس و برینداربوونی 32 کەسی تر. دادگەی سەربازی لە ساڵی 2013 بە 45 تۆمەت سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند، و ناوبراو ئێستە بەهۆی برینداربوونى لە کاتی گرتنیدا تووشی ئیفلیجی بووە و لە زیندانی فۆرت لیڤنوۆرس لەسەر کورسیی کەمئەندامی ڕاگیراوە.


وشە - رزگار خدر