ئەمڕۆ یەكشەم 11ی تشرینی یەكەمی 2026، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕای گەیاند كە وەڵامەكەی ئەمەریکا بۆ پێشنیازەكەیان ناتەواو بووە، ئاشكرایشی كرد كە واشنتن بەشێك لە مەرجەكانی قبووڵ كردووە، بەڵام بەشێكی تری بێ یەكلاكردنەوە ماونەتەوە، هاوكات دووپات لەوە دەكاتەوە كە لە ڕێی عێراق و وڵاتانی ترەوە پەیامیان پێ گەیشتووە و بەرژەوەندییەكانیشیان لە گەرووی هورمز گەورەترن.
موحسین ڕەزایی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە پەیامێكدا ڕای گەیاندووە، ئەمەریكییەكان لە ڕێی قەتەر، پاكستان و عێراقەوە پێوەندییان پێوە كردین، ئێمە چیتر لە قۆناغی ئەوەدا نین دووبارە وەڵامی ئەمەریكییەكان بدەینەوە.
لەبارەی گرنگیی ناوچەكە بۆ وڵاتەكەی، ئاماژەی بەوەیش كرد، بەرژەوەندییەكانی ئێران لە گەرووی هورمز لە وەرگرتنی ڕسوومات تێدەپەڕێت.
ئەمەیش لە كاتێكدایە كە پێنجشەمی ڕابردوو، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕای گەیاندبوو، وڵاتەكەی وەڵامێكی لە ئەمەریكاوە لەسەر پێشنیازەكەی تاران پێ گەیشتووە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەڵامی خۆیان دەدەنەوە.
تاران بەردەوام دووپاتی دەكاتەوە كە لە مەرجەكانی خۆی بۆ دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمز پاشگەز نابێتەوە، ئەوەیش لە سایەی نەبوونی هیچ ئاماژەیەك بۆ یەكلاكردنەوە و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ ئەمەریکادا.