بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، ئەمڕۆ دووشەم و سبەینێ سێشەم، ئاسمان لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێم هەور و باراناوی دەبێت و پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزن.
بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسیی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەم ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و ئەگەری بارینی نمەبارانی پچڕپچڕی كورتخایەن لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێم، كاریگەریی ئەم بارانبارینە لە ناوچە شاخاوییەكان و سنوورەكانی باكور زیاتر دەبێت.
هاوكات پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی گشتی كەمێك نزم دەبنەوە بەراورد بە دوێنێ.
سبەینێ سێشەم كاریگەریی نزمەپەستانی دەریای سپیی ناوەڕاست لە ناوچەكەمان زیاتر دەبێت، بەم هۆیەوە ئاسمان هەور و باراناوی دەبێت، لە كاتەكانی بەیانیدا نمەبارانی كەم دەبارێت كە لە هەندێك كاتدا لەگەڵ بروسك دەبێت، بەتایبەتی لە ناوچەكانی باشووری هەرێم.
بۆ كاتەكانی دوای نیوەڕۆ، كاریگەریی ئەم شەپۆلە لاواز دەبێت، بەڵام لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكاندا دابارین بەردەوام دەبێت.
تا كاتەكانی بەرەبەیانی چوارشەم ناجێگیریی كەشوهەوا بە لاوازی لە ناوچەكانی سنووری ڕۆژهەڵات بەردەوام دەبێت.