لە شارەكانی عێراقدا باندی پێدانی قەرز بەخەڵكی هەژار زۆر بوون، دواتر لە بەرانبەر قەرزەكەدا ئەندامی جەستە لە كەسی قەرزكەر وەردەگیرێت. وەزارەتی ناوخۆ لەمبارەوە هۆشداریی داوە.
بەپێی بەدواداچوونی میدیایی و رێكخراوەیی لە شارەكانی عێراقدا باندی جۆراوجۆریان تێدا دروست بووە، یەكێك لە مەترسیدارترین ئەو باندانە بریتییە لە باندی پێدانی قەرز كە ئامانج لێی وەرگرتنی ئەندامی جەستەی قەرزدارەكەیە.
پێدانی قەرز بە كەسانی هەژار، دەكرێتە تەڵەیەك بۆیان و كۆتاییەكەشی بەڕازیبوونیان بە فرۆشتنی ئەندامانی جەستەیان بەرانبەر لێخۆشبوون لە قەرزەكە كۆتایی دێت. ئەم چیرۆكە لە بەغدای پایتەختی عێراق ئاشكرابوو، بەڵام لە شارەكانی تریش ماون.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، هەڵوەشاندنەوە و گرتنی ئەندامانی باندێكی لە بەری رەسافەی بەغدا راگەیاند، ئەوان تۆمەتبارن بەوەی بڕێك پارەیان بەسوودێكی زۆر داوە بەو خێزان و كەسە هەژارانەی كە پێویستیان پێ بووە، هەر كاتێكیش ئەو كەسانە لە دانەوەی قەرزەكانیان دواكەوتبن یاخۆ نەیانتوانیبێت بیدەنەوە، ئەوا ناچاریان كردوون ئەندامەكانی جەستەیان بەتایبەت گورچیلەیان بفرۆشن پێیان تا قەرزەكانیان پاك بكەنەوە.
باندەكە لە چوار كەس پێكهاتوون كەدوانیان ژن بوون، لەگەڵ گرتنیشیاندا دەست بەسەر مۆبایلەكانیان و ژمارەیەك تۆمار گیراوە كە بەڵگەكانی پێدانی قەرز بەهاووڵاتییان و مامەڵەكردن لەگەڵیان، بۆ فرۆشتنی ئەندامەكانی جەستەیانی تێدا بووە.
ئەو باندە گەڕاون بەدوای ئەو كەسانەی كێشەی دارایی تەنگی پێهەڵچنیون، بەپێدانی قەرز یان سولفە لە خشتەیان بردوون، بەڵام بەكۆمەڵێك مەرجی زۆر ئەستەم، دواتر كە ئەو كەسانە نەیانتوانیوە قەرزەكانیان بدەنەوە، ناچاریان كردوون یەكێك لە گورچیلەكانیان بفرۆشن.
راگەیاندنی عێراقی بەتایبەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئاماژەیان بەچەندان حاڵەتی وا لە شارەكانی فەلووجە و سەڵاحەدین و بەسرە و مووسڵیش كردووە، باس لەوە دەكرێت ئەمانە تۆڕێكی بەربڵاون كە حكوومەت نەیتوانیوە كۆنترۆڵیان بكات.
بەپێی زانیاریی میدیایی چەندان حاڵەتی وەك ئەوەی بەغدا، لە شارەكانی عێراق تۆمار كراوە، بەتایبەت گورچیلە بەخشین بەو گرووپانەی قەرزیان بە هاووڵاتییان داوە.