بەهۆی پشكی هەرێمی كوردستانەوە، گفتوگۆكان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 بەردەوامە، وەزارەتی دارایی عێراق ناردنی بۆ پەرلەمان دواخستووە، بڕیارە شاندێكی باڵا بچنە بەغدا، هێزەكانی كوردستانیش دژی پڕۆژەیاساكەن.
بڕیارە بۆ كێشەكانی پڕۆژەیاسای بودجە شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێم بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پشكی كوردستان، سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق كۆ دەبێتەوە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان تێبینیی زۆری لەسەر پڕۆژەیاساكە هەیە و پێی ڕازی نییە. هێزە سیاسییەكانی كوردستانیش هەمان تێبینییان هەیە و رایان گەیاندووە دژی پڕۆژەكە دەوەستنەوە.
هیوا مەلا ئادەم ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی رەوتی هەڵوێست رای گەیاندووە، ئامادە نین دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 بدەن".
هەڵوێست پێی وایە ئەگەر لە پڕۆژەكەدا گرێبەستەكان، یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگەكان و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان جێگیر نەكرێ، دژی دەوەستنەوە.
لەلایەكی ترەوە د. زیرەك زێباری ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی گفتوگۆكانەوە بە "وشە"ی گوت، بڕیارە شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق كۆ ببێتەوە.
گوتیشی، ئێمە لە هەوڵداین ئەو خاڵانەی لە ڕەشنووسی بودجەكەدا جێگەی پرسیارن، گۆڕانكارییان تێدا بكرێت.
لەبارەی ئەندامانی شاندەكەی كوردستانەوە گوتی، شاندەكە لەسەر ئاستی باڵا دەبێت، بەڵام تا ئێستە ئاستەكەی بەفەرمی دیاری نەكراوە.
گرنگترین تێبینییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ڕەشنووسەكە، پێوەستن بە كەمكردنەوەی پشكی هەرێم لە 14.14% بۆ 12.70%.
جگە لەوەش، پرسی مووچەی فەرمانبەران لە خەرجیی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی) دەرنەهێنراوە، بە مادەی یاساییش مسۆگەر نەكراوە كە ساڵی داهاتوو بەبێ كێشە ڕەوانە بكرێت.
لەمبارەیەوە هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە میدیای حزبەكەی گوتووە، "ئەو رەشنووسەی هەیە زۆر خراپە، بەتایبەتی مادەی 10ی رەشنووسەكە. دەبێت چاك بكرێت و ئەگەر چاك نەكرێت، دەنگی پێ نادەن.
هاوكات دانەر عەبدولغەفار گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند لە پڕۆژەكەدا چەندان كۆت و بەند و مەرج بۆ هەرێمی كوردستان دانراون بۆ ئەوەی پشكی هەرێمی كوردستان خەرج بكرێ، بەهیچ شێوەیەك هەرێمی كوردستان ناتوانێ جێبەجێیان بكات، لەوانە دیاریكردنی هەناردەكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە".
بەگوتەی دانەر عەبدولغەفار، "پشكی هەرێمی كوردستان زۆر كەمە، دوای لێدەركردنی خەرجی سەروەری، پشكەكەی لە 6٪ كەمترە كە بە 13 تریلیۆن دینار و 308 ملیار دینار دیاری كراوە، لە كاتێكدایە لە یاسای بودجەی 2023دا پشكی هەرێمی كوردستان 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار بوو".
هەروەها د. موسەننا ئەمین سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، ئەگەر لە پڕۆژەیاسای بودجەدا ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دابین نەكرێن، فراكسیۆنەكەمان دەنگی پێ نادات".