ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاشكرای كرد، واشنتن بە نیاز بووە عێراق بۆردمان بكات و گەمارۆی بخاتەسەر، بەڵام حكوومەت لە ڕێگەی واژووكردنی چەندان گرێبەستی گەورەی ئابووری لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتەدا، توانی ئەو مەترسییە دوور بخاتەوە.
قاسم عەبوودی لە میانەی بەشداریكردنی لە دیداری مێری لە هەولێر رای گەیاند، پێش دەستبەكاربوونی كابینەی ئێستەی حكوومەت، شاندێكی باڵای فەرمی عێراقی سەردانی ئەمەریكای كردووە و لەوێ ڕووبەڕووی گوتارێكی توند بوونەتەوە، چونكە بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا بەغدایان وەك لایەنێكی تەواو دوژمنكار پۆلێن كردبوو.
ڕوونی كردەوە، بەغدا لە ڕێگەی دروستكردنی هاوبەشیی بەهێزی ستراتیجی لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان، دۆخەكەی لە هەڕەشەی سەربازی و گەمارۆدانەوە، گۆڕی بۆ پێوەندییەكی دۆستانە و چەند گرێبەستی گەورەی ئابووری لە بوارە جیاوازەكاندا واژوو كرد، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكان لە ناوچەكەدا.
قاسم عەبوودی ئاشكرای كردووە، "هێشتا دەسەڵاتی واشنتن بەسەر بڕیاری سیاسیدا زاڵە و بەغدا كۆنترۆڵی تەواوی بەسەر فڕۆكەكانی ئێف 16دا نییە، هەروەها باڵوێزخانەی ئەمەریكا مافی ڤیتۆی لە بڕیارەكاندا ماوە".
عەبوودی دەڵێت، ئەمەریكا دەیویست عێراق بۆردمان بكات و گەمارۆی توند بخاتە سەری، بەڵام ئێمە بە هێنانی كۆمپانیا گەورەكان و بەستنی پەیمانی گەورەی وەبەرهێنان، توانیمان بە تەواوی هەموو ئەو مەترسییە سەربازییانە لە خاكی وڵاتەكەمان دوور بخەینەوە .