هۆشدارییەكی توند بۆ بازاڕەكان: نرخی نەوت 25 دۆلاری تر بەرز دەبێتەوە

:: PM:07:51:13/10/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 13ی تشرینی یەكەمی 2026، شارەزایەكی باڵای وەبەرهێنان هۆشداری دا كە بەهۆی بەردەوامیی ململانێكانی ئەمەریکا و ئێرانەوە، ئەگەری هەیە نرخی نەوت 20 بۆ 25 دۆلاری تر بەرز ببێتەوە، ئەمەیش زیانێكی گەورە بە بازاڕی پشكەكان دەگەیەنێت، هاوكات پێشبینی دەكرێت ساڵی 2027 بەهۆی خستنەڕووی پشكی كۆمپانیاكانی ژیریی دەسكردەوە، دۆخەكە قورستر بێت.

پۆل تیۆدۆر جۆنز دامەزرێنەر و سەرۆكی بەشی وەبەرهێنان لە كۆمپانیای (تیۆدۆر ئینڤێستمێنت)، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی "سی ئێن بی سی"، ڕای گەیاند كە پێدەچێت نرخی نەوت 20 بۆ 25 دۆلاری تر بەرز ببێتەوە. ئەو پێی وایە ئەگەر شتێك هەبووایە بۆ باشتركردنی دۆخەكە، ئەوا پێش هەڵبژاردنەكانی نیوەیی لە ئەمەریکا ڕووی دەدا.

بەپێی ئەم پێشبینییانە، خاوی ئەمەریكی دەگاتە ئاستێك كە بەرزتر دەبێت لە بەرزترین ئاستی داخستنی لە ساڵی 2026، كاتێك لە نزیك 113 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك داخرا. 

بەگوتەی جۆنز، ئەگەر ئەو بازدانە لە نرخەكاندا ڕوو بدات، بازاڕی پشكەكان بەتەواوی و بەشێوەیەكی یەكلاكەرەوە كاریگەریی نەرێنییان دەكەوێتە سەر، سەرەڕای ئەوەی پشكەكان لە سەرەتای ئەمساڵدا تا ڕادەیەك توانییان مامەڵە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بكەن.

نرخی نەوت دوای دەستپێكردنی شەڕی ئەمەریکا و ئێران لە كۆتایی مانگی شوبات بەرز بووەوە و لە سەرەتای مانگی نیسان گەیشتە لووتكە، پاشان لە مانگی حوزەیران نرخەكان پاشەكشێیان كرد و خاوی ئەمەریكی بۆ كەمتر لە 70 دۆلار دابەزی، لەگەڵ ئەوەیشدا لە مانگی تەمووز جارێكی تر نرخەكان بەرز بوونەوە كاتێك ململانێكان لە ناوچەكەدا سەریان هەڵدایەوە. بۆیە نرخی نەوت یەكێكە لەو هۆكارە نەرێنییانەی كە جۆنز پێی وایە بازاڕی پشكەكان لە ئێستەدا پێویستە مامەڵەی لەگەڵدا بكات.

لەبارەی داهاتووی بازاڕەكانەوە، جۆنز ئاماژەی بەوەیش كرد كە ساڵی 2027 ڕەنگە بەتایبەتی بۆ بازاڕی پشكەكان قورس بێت، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی وەبەرهێنەران ڕووبەڕووی زیادبوونی خستنەڕووی پشكەكان دەبنەوە لە ئەنجامی چوونە ناو بازاڕی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی تەكنەلۆجیا و ژیریی دەسكرد كە بەهای بازاڕییان زۆر گەورەیە، وەك كۆمپانیاكانی ئەنثرۆپیك و ئۆپن ئەی ئای.


وشە - پۆڵا مەحموود