میدیاكانی ئیسرائیل: نەتەنیاهۆ ئۆپراسیۆنێكی بەرفراوانی خستووەتە بەردەم ترەمپ

:: PM:09:10:13/10/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 13ی تشرینی یەكەمی 2026، میدیاكانی ئیسرائیل ئاشكرایان كرد كە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، پێشنیازی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی بەرفراوانی دژی ئێران خستووەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریکا، بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنەكانی 27ی ئەم مانگەی ئیسرائیل جێبەجێ بكرێت، لە كاتێكدا نووسینگەی نەتەنیاهۆ ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەكاتەوە و وەزیری بەرگریش هۆشداری لە دەستوەردانی دەرەكی لە هەڵبژاردنەكان دەدات.

بەپێی ئەوەی كەناڵی 12ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێكی ئەو وڵاتەوە گواستوویەتیەوە، هەفتەی ڕابردوو نەتەنیاهۆ لەگەڵ ترەمپ قسەی كردووە و پێشنیازی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی بەرفراوانی دژی ئێران خستووەتە ڕوو بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدرێت، ئەوەیش دوای چاودێریكردنی هەنگاوەكانی ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی ئەتۆمی.

لە لایەكی ترەوە، هەر هەمان كەناڵ لە زاری نووسینگەی نەتەنیاهۆوە بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆك وەزیران فشاری نەخستووەتە سەر ترەمپ بۆ لێدانی ئێران پێش هەڵبژاردنەكان، بەڵكو تەنیا لەگەڵ ئەو و بەرپرسانی وڵاتەكەی لە گفتوگۆدایە.



وشە - پۆڵا مەحموود