21ـی تشرینی یەكەمی ئەم مانگە، خولی 18ـەمی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كتێب دەست پێ دەكات. 18 ساڵە بەچاودێری سەرۆك بارزانی گەورەترین چالاكی كولتووری بەڕێوە دەچێت.
18 ساڵە دەزگای مەدا بەهاوكاری سەرۆك بارزانی، پێشانگەی نوێدەوڵەتی لە هەولێر بەڕێوە دەبات، ئەم پێشانگەیە یەكێكە لە دەوڵەمەنترین كارە كولتوورییەكانی ساڵەكە و بەهەزاران كەس سەردانی دەكەن، هەر ساڵێك هەزاران كتێب دەخەنە ناو خێزانەكانەوە.
ئەمساڵیش لە 21 تشرینی یەكەم بەڕێوە دەچێت و پێشانگەكە تا 31ـی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.
خولی ئەمساڵ بە دروشمی "من كوردستانیم" بەڕێوە دەچێت. زیاتر لە 400 دەزگای چاپ و پەخش لە 18 وڵاتەوە بەشداریی تێدا دەكەن و زیاتر لە ملیۆنێك ناونیشان لە بوارە جیاجیاكانی بەردەست دەبێت، بەرهەمەكان بە زمانەكانی عەرەبی و كوردی بە شێوەزارە جیاوازەكانیەوە، هەروەها ئینگلیزی و فڕەنسی و ئەڵمانی و فارسی و توركی و چەند زمانێكی تر پێشكەش دەكرێن.
دروشمی "من كوردستانیم" لە روانگەی سەرۆك بارزانییەوە سەرچاوەی گرتووە، كە هەموو شتێك دەبێت لە پێناو كوردستان و كوردستانیانە بەڕێوە بچێت.
پێشانگەكە لە رێگەی كەمپەینێكی رۆشنبیری و هونەرییەوە كە یاوەری چالاكییەكانی خولەكەیە، ئەم دروشمە بەرجەستە دەكات. لەم كەمپەینەدا دەقی ئەدەبی و شیعری و هونەرە بینراوەكان و دیزاین و وێنەی فۆتۆگرافی و نمایشە كولتوورییەكان و گفتوگۆ هزرییەكان بەكار دەهێنرێن، تا سەردانكەران ئاشنای توخمەكانی شوناسی كوردی بن.
پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كتێب یەكێكە لە رووداوە رۆشنبیری و جەماوەرییەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق، فەزایەكی فراوان پێكدەهێنێت كە پەخشكاران و نووسەران و رۆشنبیران و خوێنەران كۆ دەكاتەوە، رێز لە فرەچەشنیی كولتووری و زمانەوانی و كرانەوە بەڕووی ئەزموونە هزری و ئەدەبییەكاندا دەگرێت.
دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی بەشداربوو لە رۆژانی پێشانگەكەدا داشكاندنی زیاتر لە 30% بۆ 50%ـی بۆ كۆمەڵەیەكی بەرفراوان لە كتێب و بڵاوكراوەكان پێشكەش دەكەن. ئەمەش دەرفەت بە خوێنەران دەدات ناونیشانە نوێ و هەمەجۆرەكان بە نرخی داشكێنراو بەدەست بهێنن.
بەرنامەی رۆشنبیری و هونەریی پێشانگەكە زیاتر لە 90 چالاكی لەخۆ دەگرێت، لەوانە كۆڕی هزری و ئەدەبی و دانیشتنی گفتوگۆئامێز و دیدار لەگەڵ نووسەران و رۆشنبیران، شانبەشانی ئاهەنگ و چالاكییە موزیكییەكان بە چەندان زمان.