سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە كونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریكا لە هەولێر كرد. ئەمەریكا پشتیوانیی بەردەوامی بۆ خەڵكی كوردستان و پێگەی سەرۆك بارزانی دووپات كردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 14ـی تشرینی یەكەم، لە پیرمام سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە خاتوو گوێندەلن (ویندی) گرین كونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریكا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە دەستبەكاربوونی، دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی خۆی بە پشتیوانێكی سەرەكیی خەڵكی كوردستان دەزانێت، ڕێزی تایبەتیان بۆ پێگەی سەرۆك بارزانی لە عێراق و ناوچەكە هەیە، هەروەها هیوای خۆی دەربڕی كە هەرێمی كوردستان لە ڕۆڵی خۆی لە بەهێزكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا بەردەوام بێت.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرھێنانی، سوپاسی ئەمەریكای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا پاڵپشت و یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بووە، دەستپێكردنەوەی كاروبارەكانی كۆنسوڵگەی ئەمەریكاشی بە هەنگاوێكی ئەرێنی لە قەڵەم دا بۆ برەودانی زیاتر بە پێوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاجیاكاندا.
لە كۆتایی دیدارەكەشدا، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری كردەوە.