حووسییەكان بە مووشەكی بالیستی فڕۆكەخانەی مەلیك خالیدیان بۆردمان كرد

:: PM:08:56:14/10/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 14ی تشرینی یەكەمی 2026، گوتەبێژی سەربازیی بزووتنەوەی ئەنساروڵا (حووسییەكان) ڕای گەیاند كە بە مووشەكی بالیستی، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیك خالیدیان لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە كردووەتە ئامانج، هاوكات سێ مووشەكی تری بالیستییان ئاراستەی مۆڵگەكانی هێزەكانی سعوودیە لە ناوخۆی یەمەن كردووە و بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر كوژراو و برینداری لێ كەوتووەتەوە.

لە پەیامێكدا یەحیا سەریع گوتەبێژی سەربازیی بزووتنەوەی ئەنساروڵا (حووسییەكان) ڕای گەیاندووە كە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیك خالیدیان لە پایتەختی سعوودیە بە مووشەكێكی بالیستی كردووەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەیش كرد، پێكانەكە زۆر ورد و ڕاستەوخۆ بووە.

لەبارەی هێرشەكانی تریانەوە، گوتەبێژی حووسییەكان زیاتر گوتی، هێزە چەكدارەكانمان ئۆپراسیۆنێكیان بۆ بەئامانجگرتنی چەند كۆبوونەوە و مۆڵگەیەكی هێزەكانی سعوودیە لە ناوچەكانی ڕەئس عارە و مەزاربە لە یەمەن ئەنجام داوە، ئەوەیش لە ڕێی سێ مووشەكی بالیستییەوە بووە.

لە كۆتاییدا دووپاتی كردەوە، پێكانەكان ورد بوون و ژمارەیەكی زۆر كوژراو و برینداریان لێ كەوتووەتەوە، لەگەڵ لەكاركەوتنی ژمارەیەك لە ئۆتۆمبێل و ئامێرە سەربازییەكان.


وشە - پۆڵا مەحموود