لاهوور ئەمڕۆ چیی گوت؟.. بۆچی قەمیسی سپیی پۆشیبوو

:: PM:03:37:15/10/2026 ‌
دانیشتنی دادگاییكردنی لاهوور تاڵەبانی لەبارەی مادەی 56 كۆتایی هات، بە پێنج ساڵ و چەند مانگێك سزای گرتنی بەسەردا سەپێنرا، جیا لەوەی ئەوانەی تریش كە لەگەڵی بوون بە هەمانشێوە سزا دران. 

چیرۆكەكانی ناو دادگاییكردنەكە زۆرن، چونكە ئەمڕۆ بەشێك لە چالاك و رۆژنامەنووسانیش ئامادەی دانیشتنەكە بوون، بەپێی ئەوەی لە كەناڵەكانی نزیكی بڵاوی كراونەتەوە، لاهوور تاڵەبانی بە كراسێكی نیوقۆڵی سپییەوە لە داگا بوو، دادوەر پێش ئەوەی حوكمەكەی بدات گوتی، "كاك لاهوور هیچت هەیە"، لە وەڵامدا بە زەردەخەنەوە گوتی چیم هەبێت، ئەوەی كردووتانە سیناریۆیە، من پێم گوتن ئەوانەی ویستیان كودەتا بكەن ناوەكانم پێ گوتن، هەر ئەوانە بافڵ تاڵەبانییان هان داوە هێرش بكاتە سەر ماڵەكەم.

هەروەها گوتوویەتی، پێم گوتن ئێمە دیفاع لە هێرۆخان دەكەین، ئەوانەی ویستیان كودەتا بكەن دژی ئەمەی ئێمە بوون و بافڵیان لێ هان داوم. ئێوەی حاكم بەزەییتان بە سلێمانی و دادگا بێتەوە، ئەمانە كوڕی فەقیرن ئازادیان بكەن، من باكم بە زیندان نییە، لە لای من زیندان شەرەفمەندانەترە لەو ژیانە سەرشۆڕییەی دەرەوە.

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە دوای بڕیارەكەی دادگا و حوكمەكە، لاهوور چەپڵەی بۆ حاكمەكان لێ دا و گوتی، ئێوە تەنیا جێبەجێكارن، حەیف بۆ ئێوە حەیف.

لەبارەی جلوبەرگەكەیشی "وشە" زانیویەتی، بەهۆی گەرماوە، چاكەتەكەی داناوە و تەنیا قەمیسێكی نیوقۆڵی سپیی پۆشیوە. 

هەر ئەمڕۆ ئەوەی هاتووەتە گێڕانەوە، سێ ژن كە یەكێكیان دایكێكی بەتەمەن بوو، لێوی وشك هەڵگەڕابوو لە هۆڵی دادگا و لە بەردەگەی هۆڵەكەش خۆی بە عەرزەكەدا دەكێشا و دەیگوت، ئەی لای دادگای خوا لەوێی چی دەكەن "خوایە بمانبینە".



وشە - وشه‌