نرخی زێڕ بەرز بووەوە

:: AM:09:53:16/10/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 16ی تشرینی یەكەمی 2026، لەگەڵ دابەزینی بەهای دۆلار، نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەڵام ئەم كانزا بەنرخە هێشتا بەرەو تۆماركردنی زیانێكی دیاریكراوی هەفتانە دەچێت، لە كاتێكدا وەبەرهێنەران چاوەڕوانی هەڵوێستی بەرپرسانی بانكی ناوەندیی ئەمەریكان لەسەر ڕێژەی سوود.

لە مامەڵە خێراكاندا نرخی یەك ئۆنسە زێڕ بە ڕێژەی 0.2% بەرز بووەوە و گەیشتە 4177.82 دۆلار، بەڵام لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە بە ڕێژەی 0.5% زیانی كردووە. 

هەروەها گرێبەستە دواخراوەكانی زێڕی ئەمەریكی بۆ مانگی كانوونی یەكەم، بە ڕێژەی 0.7% بەرز بوونەوە و گەیشتنە 4199.10 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك.

كلڤن وۆنگ گەورە شیكەرەوەی بازاڕەكان لە كۆمپانیای "ئۆواندا"، ڕای گەیاند، زێڕ لە ناو چوارچێوەیەكی نرخیدا قەتیس ماوە كە بەرزترین ئاستی 4221 دۆلار بووە و نزمترین ئاستیشی لە سەرەتای هەفتەدا گەیشتە 4075 دۆلار.

زیاتر گوتی، ئاراستەی هەڵاوسان هێشتا بەرزە، چونكە داتاكانی پێوەری نرخی بەكاربەران و بەرهەمهێنەران بۆ مانگی ئەیلوول لە سەرووی پێشبینییەكانەوە بوون.

دۆلار بەرەو تۆماركردنی یەكەم زیانی هەفتانەی دەچێت لە ماوەی پێنج هەفتەدا، ئەمەیش وای كردووە زێڕ بۆ هەڵگرانی دراوەكانی تر هەرزانتر بكەوێت. بەپێی داتاكان، نرخی بەرهەمهێنەران لە ئەمەریکا گەورەترین بەرزبوونەوەی لە ماوەی چوار ساڵ و نیوی ڕابردوودا تۆمار كردووە، ئەوەیش ئاماژەیەكە بۆ فراوانبوونی فشاری هەڵاوسان بەدەر لە كەرتی وزە.

بەپێی ئامرازی "فید وۆچ"، مامەڵەكاران پێشبینی دەكەن بە ڕێژەی 28% لەم مانگەدا ڕێژەی سوود بەرز بكرێتەوە، و ئەگەری 89%یش هەیە لە مانگی كانوونی یەكەمدا ئەو بەرزكردنەوەیە جێبەجێ بكرێت.

لەگەڵ ئەوەی زێڕ وەك ئامرازێكی خۆپاراستن لە كاتی هەڵاوسان سەیر دەكرێت، بەڵام بەرزكردنەوەی ڕێژەی سوود وا دەكات سەرنجڕاكێشیی ئەم كانزایە كەم ببێتەوە، چونكە هیچ قازانجێكی بەردەوامی نییە.

لەبارەی كانزا بەنرخەكانی تر، نرخی زیو بە ڕێژەی 0.7% بەرز بووەوە و گەیشتە 57.81 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك، پلاتین 1.1% بەرز بووەوە و گەیشتە 1642.75 دۆلار، هەروەها پالادیۆم بە ڕێژەی 1.5% بەرز بووەوە و گەیشتە 1143.46 دۆلار، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش هەرسێ كانزاكە بەرەو تۆماركردنی زیانی هەفتانە دەچن.


وشە - پۆڵا مەحموود