ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" كۆمەڵێك داتا و زانیاریی لەسەر ئێستەی بەرهەمهێنان و دابینكردنی ئاو بۆ هاووڵاتییان دەخاتەڕوو، هەروەها ئاستی پێدانی ئاو روون دەكاتەوە.
بەرهەمهێنانی رۆژانەی ئاو بۆ هاووڵاتییان لە هەرێمی كوردستان چەندە؟
بەپێی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، ئێستە ڕۆژانە نزیكەی 2.6 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە سەرانسەری هەرێم بەرهەم دەهێنرێت كە دەكاتە نزیكەی 0.9 ملیار مەتر سێجا لە ساڵێكدا، ئەم بڕە ئاوە لە ڕێگەی تۆڕێك بە درێژایی 20,845 كیلۆمەتر تۆڕی ئاو و 2,424 كیلۆمەتر تۆڕی ئاوەڕۆ، لەگەڵ 26 وێستگەی پاڵاوتن، 24 یەكەی كۆمپاكت و 5,965 بیر، بۆ 6.2 ملیۆن دانیشتووی هەرێم دابین دەكرێت.
چەند جۆر و شێوازی دابەشكردنی ئاو هەیە و چۆن دابەش بووە؟
لە چوارچێوەی پلانی درێژخایەندا، 25 پڕۆژەی گەورەی پاڵاوتنی ئاو بە كۆی توانای 87,500 مەتر سێجا لە سەعاتێكدا بۆ خزمەتكردنی 5,660,000 كەس جێبەجێ دەكرێن، پڕۆژەكان بەسەر ناوچەكاندا دابەش كراون:
• لە هەولێر و ئیدارەی سۆران نۆ پڕۆژە بە توانای 27,000 مەتر سێجا لە سەعاتێكدا بۆ 1,580,000 كەس لە ڕێگەی پڕۆژەكانی خەبات، قەندیل و شەقڵاوە، هەریر، تەقتەق، بەرزێوە و سۆران.
• لە سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان چوار پڕۆژە بە توانای 32,400 مەتر سێجا لە سەعاتێكدا، بۆ 2,032,000 كەس لە ڕێگەی پڕۆژەی ستراتیجیی دوكان بۆ سلێمانی بە توانای 20,000 مەتر سێجا لە سەعاتێكدا، لەگەڵ پڕۆژەكانی گۆپتەپە بۆ چەمچەماڵ، كەلار و ڕزگاری.
• لە دهۆك و ئیدارەی زاخۆ 12 پڕۆژە بە توانای 28,100 مەتر سێجا لە سەعاتێكدا، بۆ 2,048,000 كەس لە ڕێگەی پڕۆژەكانی خراب دێم، بەردەڕەش، شێخان، سێمێل و زاخۆی نوێ.پڕۆەكانی هەولێر لەژێر جێبەجێكردندان و ئەوانەی تر وەك پلان كاری لەسەر دەكرێت.
وێستگەكانی چارەسەری ئاوی قورس ڕۆڵیان چییە؟
لە پاراستنی ژینگە و ئاوەڕۆدا، پلانەكە كاركردن لەسەر 16 وێستگەی چارەسەركردنی ئاوی پیس لەخۆ دەگرێت، بە توانای چارەسەركردنی 2,734,000 مەتر سێجا لە ڕۆژێكدا بۆ 7,780,000 كەس. لە گرنگترینیان وێستگەی هەولێرە بە توانای 210,000 مەتر سێجا لە ڕۆژێكدا كە لە ژێر دروستكردندایە، لەگەڵ وێستگەی تانجەڕۆ لە سلێمانی بە توانای 450,000 مەتر سێجا، وێستگەی دهۆك بە توانای 410,000 مەتر سێجا، وێستگەی زاخۆ بە توانای 270,000 مەتر سێجا و وێستگەی هەڵەبجە بە توانای 60,000 مەتر سێجا لە ڕۆژێكدا.
ئەو ئاوەی بەرهەم دەهێنرێت تا چەند لەگەڵ ستانداردی دابینكردنی ئاوە بۆ هەر هاووڵاتییەك؟
داتاكان دەریدەخەن كە بەرهەمهێنانی ئاو بۆ هەر تاكێك لە هەرێمی كوردستان، ڕۆژانە لە نێوان 350 بۆ 400 لیتردایە، ئەمەش دوو هێندەی ستانداردی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی WHOـیە كە 160 بۆ 200 لیتر دیاری دەكات، سەرەڕای ئەمەش، بەهۆی بوونی 40% تا 50% ئاوی بێ داهات كە لە بەستنی نایاسایی و كۆنیی بۆڕییەكانەوە دروست دەبێت، حكوومەت پڕۆژەی پێوەری زیرەكی ئاوی جێبەجێ كردووە و ڕێژەی بەستنی گەیاندووەتە 90% بە مەبەستی ڕێگریكردن لە بەفیرۆچوون.
ئێوەی دەڵێن ئێستە پشتبەستن بە بیرەكان كەم دەكەنەوە، ئەو بڕیارە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
پاشخانی ئەم بڕیارە ستراتیجییە دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، بە جۆرێك كە قووڵیی بیرە لێدراوەكان گەیشتووەتە نێوان 500 بۆ 650 مەتر و لە هەندێك ناوچە گەیشتووەتە 750 مەتر، بۆ ئەم مەبەستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتبەستنی بە ئاوی سەرزەوی لە ڕێگەی ڕووبارەكانی خاپوور، زێی گەورە، زێی بچووك و سیروان بۆ 60% بەرز كردووەتەوە و پشتبەستن بە بیرەكانی بۆ 40% كەم كردووەتەوە، هاوكات لەگەڵ جێبەجێكردنی پلانی سەلامەتیی ئاو WSP بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێكخراوی UNICEF بۆ پاراستنی كوالێتیی ئاوی خواردنەوە.