دەرباز یونس بیروەرییەكانی زیندانی بڵاو دەكاتەوە

:: PM:03:22:20/10/2026 ‌
دەرباز یونس بیرەوەرییەكانی زیندانی لە كتێبێكدا بەناونیشانی " فەرە مەهابادی" بڵاو دەكاتەوە دەڵێ‌، بە پێویستم زانی 250 لاپەڕە لە بیرەوەرییەكانی زیندان و چەند شیعرێك بڵاو بكەمەوە. 

ئەمڕۆ سێشەم 20ی ئۆكتۆبەر، دەرباز یونس لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەی بۆ "وشە" گوتی، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆ لە زیندان بووم، بە پێویستم زانی 250 لاپەڕە لە بیرەوەرییەكانی زیندان و چەند شیعرێك كە لەو ماوەیە نووسیومە بڵاو بكەمەوە.

هەروەها دەڵێ‌، فەرە مەهابادی، هەمیشە خۆی بە فەرماندەی ئەو بەندیخانە وێرانە وەسف دەكرد، پیاوێكی تەمەن 60 ساڵەی قەمبوور و لاواز بوو، بە بەردەوامی قسەی دەكرد و گۆرانیی دەگوت، هیچ بوارێكی پشوودانی نە بە زاری و نە بە ئێمە نەدەدا، جگەرەی بە جگەرە دادەگیرساند و هەندێ جاریش دوو دوو دەیخستە نێوان لێوە شەقارشەقارەكانی، قوڕگی وەك زامێكی كۆن دەسووتایەوە و بریندار بووبوو، بابەتی قسەكانی هێند بە خێرایی دەگۆڕی، كەس نەیدەتوانی لێی تێبگات، خوانەكردە تووڕە بووایە، بە جنێودان بە هەمووان دەهاتە خوارێ و بە دەنگێكی بەرز و قوڕگێكی زامدار هاواری دەكرد.

روونیشی كردەوە كە كتێبەكە رۆژانی 23 و 24ی ئۆكتۆبەر، سەعات چوار تا شەشی ئێوارە لە ناوەندی مێخەك لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب بڵاو دەكرێتەوە. 



وشە - وشه‌