پشكنین بۆ 28 هەزار گۆرانیی كوردی كرا.. پێنج هەزاریان تورك دزیویەتی

:: AM:11:14:22/10/2026 ‌
زیاتر لە 28 هەزار گۆرانیی كوردی خراونەتە ژێر پشكنین و بەراوردكاریی وردەوە، لە ئەنجامدا دەركەوتووە لەو ژمارەیە چوار هەزار و 971 گۆرانی دەستكاری كراون و میلۆدی و تێكستەكانیان كراونەتە توركی، ئەمەش بە "دزینی هونەری" هەژمار دەكرێت.

تورك هەر خاكی كوردی داگیر نەكردووە، زمان و كولتوور و هونەرەكەشی دزیوە، بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی توێژەر "وەیسی ڤارلی" دەركەوتووە، چوار هەزار و 971 گۆرانیی كوردی، میلۆدی و تێكستەكانیان كراونەتە توركی و وەك گۆرانی تورك ناسێنراون.

وەیسی ڤارلی لەبارەی لێكۆڵینەوەكەی ئاماژە بەوە دەكات، بەهۆی ئەو گوشار، ستەم و قەدەغەكارییە مێژووییەی لەسەر زمان و چاندی كوردی هەبووە، بەرهەمە هونەرییە كوردییەكان وەك "ماڵی تاڵانكراو" كەوتوونەتە بەر شاڵاوی دزین، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی هونەر و كەلەپووری دەوڵەمەندی كوردی ڕووبەڕووی هەڵوێستێكی ڕەگەزپەرستانەی لەو شێوەیە ببێتەوە.

وەیسی ڤارلی تەمەنی 68 ساڵە و لە ساڵی 1988ـەوە بەردەوامە لەسەر ئەم توێژینەوەیە، پێشتر لە نێوان ساڵانی 1972 تا 1988 سەرقاڵی كاری موزیكژەنی بووە و لەگەڵ هەریەك لە هونەرمەندان (دلگەش) و (برادەر) و لەناو گرووپی "كۆما دەنگی شۆڕش" كاری كردووە، بەڵام دواتر وازی لە ژەنین هێناوە و وەك شارەزایەكی بواری موزیكۆلۆجی، تەمەنی خۆی بۆ بەبەڵگەكردنی ئەو گۆرانییە كوردییانە تەرخان كردووە كە كراونەتە توركی.

توێژینەوەكە دووپات لەوە دەكاتەوە، سەرەڕای هەموو هەوڵەكانی دزین، تاڵانكردن و شێواندنی دەق و ئاوازە ڕەسەنەكان، موزیكی كوردی توانیویەتی بە زیندوویی بمێنێتەوە و وەك قەڵایەكی پتەو پارێزگاری لە هونەر، كولتوور و ناسنامەی گەلی كورد بكات.



وشە - سۆران عەزیز