شوێنەوارناسانی زانكۆی بوو عەلی سینای هەمەدان، لە گۆڕستانێكی باشووری رۆژئاوای سنە و لە داوێنی چیای ئاویەر، چەندان گۆڕ و شوێنەواری مێژوییان دۆزیوەتەوە كە تەمەنیان نزیكەی سێ هەزار ساڵە.
میدیای ئێران لە زاری كازم مەلازادە ئەندامی گرووپی شوێنەوارناسی رای گەیاندووە، لە شوێنی دۆزینەوەی گۆڕەكان، پێنج شوێنیان هەڵكۆڵیوە و ژمارەیەك گۆڕیان دۆزیوەتەوە، لەسەر گردەكەش پاشماوەی شوێنی ژیان دۆزراوەتەوە كە ڕەنگە هی سەردەمی ئەشكانی یان ساسانی بێت.
هەر لە هەمان شوێندا ژمارەیەك گۆڕی تر دۆزراونەتەوە كە نیشانەكان دەریدەخەن، نوێترن و مێژوویان بۆ 750 تا 500 ساڵی پێش زایین دەگەڕێنەوە و بە شێوازی بەخاكسپاردنەكەیاندا، گریمانەی ئەوە دەكرێت رۆژپەرست بن.
گۆڕستانەكە یەكەم جار ساڵی 2008 لە كاتی كاركردن لە شەقامێكدا دۆزرایەوە، قۆناغی دووەم دوای 18 ساڵ دەستی پێ كردووە، داواش دەكرێت شوێنەكە بكەنە مۆزەخانە، بۆ ئەوەی خەڵك و گەشتیارانیش زیاتر لە مێژووەكەی ئاگاداربن.