خەڵاتی رەخنەگرانی سینەما دەدرێتە جەعفەر جاكسن

:: PM:12:18:22/10/2026 ‌
لە هەنگاوێكی نوێدا لەبارەی فیلمی "مایكڵ" كە تێیدا برازای ئەستێرەی گۆرانیی جیهانی مایكڵ جاكسن تێیدا رۆڵی مامی بینیوە، بەتایبەتی بۆ یەكەمین جار بووە نواندن بكات و نواندنەكەی سەرنجی رەخنەگرانی بواری سینەمای راكێشاوە، بۆیە بۆ ئەمساڵ خەڵاتی رەخنەگرانی سینەما، درایە جەعفەر جاكسن.

پێگەی "ئەهرام"ی میسری ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی جەعفەر جاكسن لە فیلمی "مایكڵ"دا توانی رۆڵی ئەستێرەی جیهانی مایكڵ جاكسن بە سەركەوتوویی ببینێت، هاوكات سەركەوتنێكی فیلمەكە گەیشتە ئاستێك داهاتەكەی بگاتە زیاتر لە ملیارێك دۆلار، بۆیە نواندنی جەسعفەر جاكسن لە فیلمەدا سەرنجی رەخنەگرانی بواری سینەمای راكێشاوە، بۆیە ئەمساڵ كۆمەڵەی رەخنەگرانی سینەما، خەڵاتی رەخنەگرانیان بە جەعفەر جاكسن بەخشی.

ئەو كۆمەڵەیە لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، لیستی ئەوانەی ئەمساڵ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی رەخنەگرانی سینەما بۆ خولی نۆیەم، ژمارەیەك هونەرمەند بوون و لە ناویاندا جەعفەر جاكسن، لەبەرئەوەی جاكسن بۆ یەكەمین جار لە سینەمادا رۆڵی بینیوە و هاوكات سەركەوتنی زۆرباشی بەدەست هێناوە، جیالەوەی فیلمەكەی "مایكڵ"یش لە دنیای سینەمای جیهانی سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێناوە، بۆیە لیژنەی خەڵاتی رەخنەگران لەسەر ئەوە رێككەوتوون خەڵاتی ئەمساڵ بدرێتە جەعفەر جاكسن.

فیلمی "مایكڵ" باس لە كاروانی ژیانی ئەستێرەی جیهانی مایكڵ جاكسن دەكات، جەعفەر جاكسن كە رۆڵی ئەوی لە فیلمەدا بینیوە، دەكاتە كوڕی جێرمین جاكسن كە برای مایكڵە. لەو فیلمەدا چەندان وێستگەی ژیانی كەسی و هونەریی مایكڵ جاكسن لەلایەن جەعفەرەوە بەرجەستە كراوە و رەخنەگرانی بواری سینەمایش، ئەو گەنجەیان بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە دەستنیشان كرد.

بڕیارە بەشی دووەی فیلمی "مایكڵ 2" بێتە بەرهەم، لەوبارەیەوە جەعفەر جاكسن پێشتر رای گەیاندبوو، لەم بەشەیشدا رۆڵی مایكڵ جاكسن دەبینێت. لەم بەشەدا باس لە دۆسیە مەترسیدارەكانی ژیانی جاكسن دەكرێت كە یەك لەوانە دەستدرێژیكردنە سەر منداڵانە، ئەو كێشەیە لە ساڵانی نەوەتەكان كەوتەبەر رۆشنایی و ماوەیەكی زۆر دادگاكانی ئەمەریكای سەرقاڵ كردبوو

جەعفەر جاكسن بۆ میدیاكان باسی لەوە كردووە، لە بەشی دووەمی فیلمەدا، رووبەرێكی زۆر بۆ ئەو تۆمەتانە دیاری كراوە كە تووشی مایكڵ جاكسن بوون. ئەو بۆ گۆڤاری "جی كیو شەرق ئەوسەت" گوتی، ئەو دۆسیە قورسانە لەو ساڵانەدا لەسەر زاری خەڵكێكی زۆر چیرۆكیان بۆ دروست كرابوو دەهاتنە گێڕانەوە، بەڵام لەلایەن جاكسنەوە رەت دەكرانەوە یان زۆرجار بێ وەڵام دەمانەوە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د