ئەم سێ خووە شەكرەی خوێن بەرز دەكەنەوە

:: PM:09:37:25/10/2026 ‌

نەخۆشی شەكرە لە نەخۆشییە مەترسیدارە درێژخایەنەكانە، هۆكارەكەی دیارە و چارەسەریشی هەیە، بەڵام زۆر كەس ناتوانن كۆنتڕۆڵی بكەن، بۆیە تووشی كاریگەرییە مەترسیدارەكانی دەبنەوە، خۆپاراستن یەكێكە لە رێگە كاریگەرەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی، زۆرێك خۆیان لە شیرینی و شەموون و نان بە دوور دەگرن، شارەزایان باسی سێ خووی رۆژانە دەكەن ئەوانیش هۆكارن بۆ بەرزی شەكر لە لەش.

شارەزایان باسی سێ هۆكار یان خووی رۆژانە دەكەن كە رۆڵیان لە بەرزكردنەوەی شەكری خوێن هەیە، لەوانە خواردنەوەی قاوە و ژمارەی سەعاتەكانی نوستن و بڕی جووڵانەوەی ئەو كەسە، ئەوانە دەبنە هۆی باشكردن یان خراپكردنی ئاستی شەكرەی خوێن، بەتایبەتی ئەوانەی شەكرەیان هەیە یان لە قۆناغی پێش تووشبوونن.

فاندانا شیس پسپۆڕی خۆراك و شارەزا لە چاودێری نەخۆشانی شەكرە دەڵێت، رۆژانە و بە شێوەیەكی سروشتی ئاستی شەكری خوێن بەرز و نزم دەبێتەوە، بەڵام لای هەندێك كەس هێشتنەوەی ئەو هەڵبەز و دابەزینە لە ئاستێكی ئاسایی زەحمەتە.

سێ خووی رۆژانە هەن بێ ئەوەی هەستیان پێ بكرێت، دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی شەكری خوێن، قاوەی بەیانیان، هەندێك لە توێژینەوەكان ئاماژە دەكەن كە قاوە مەترسیی تووشبوون بە شەكرە كەم دەكاتەوە، بەڵام لای هەندێك كەس كافایین رێژەی شەكر بە شێوەیەكی كاتی بەرز دەكاتەوە، چونكە كار لە وەڵامدانەوەی لەش بۆ ئەنسۆلین دەكات، ئەگەر قاوەكە شیرینیش بكرێت، كاربۆهیدرات زیاتر دەگاتە لەش.

كەمخەوی یان ناڕێكی خەو كار لە توانای لەش بۆ رێكخستنی شەكر دەكات، چونكە شێوانی نوستن دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی هەستیاری بۆ خانەكانی ئەنسۆلین، هەروەها زۆر دانیشتن لە نووسینگە یان لە ماڵ یان بە دیار لابتۆپ و كۆمپیۆتەر، كار لە كۆنتڕۆڵكردنی شەكری خوێن دەكات، بۆیە پێویستە لە دوای ژەمی خواردن، 10 بۆ 15 خولەك جووڵە هەبێت وەك رۆیشتن، دواتر نابێت دانیشتن لەسەر یەك بێت و ماوە ناوە ئەو كەسە جووڵە بكات.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل