"دوایین نەوەی هۆمیرۆس" نووسینی هێلین كازانتزاكیس، وەرگێڕانی دلاوەر قەرەداغییە، كتێبەكە لەبارەی نووسەری گەورەی یۆنان كازانتزاكیسەوەیە.
ئەم كتێبە بەڵگەنامەیەكی رۆحی و فەلەسەفییە كە هێلین لەبارەی كازانتزاكیسەوە نووسیویەتی، پێش مردنی كازانیزاكیس داوای كردووە دوای مردنی لەبارەیەوە كتێبێك بنووسێت، چونكە هێلین كە هاوسەری بووە باشتر ئاگای لە ژیانی نووسەر بووە.
نووسەر بۆ ئەوەی دوای مردنی شتی هەڵە لەبارەیەوە نەنووسرێت داوای لە هاوسەرەكەی كردووە و گوتوویەتی، پێویستە هێلین ئەو كتێبە بنووسێت، هێلین جگە لەوەی لەگەڵیدا ژیاوە، هاوكات پشتبەستوو بە نووسینەكانی و نامەكانی نووسەر كتێبەكەی نووسیوە.
دلاوەر قەرەداغی ئەوەی نووسیوە كە "دوایین نەوەی هۆمیرۆس" چیرۆكی تینوێتییە بۆ ژیان، بۆ گۆشەگیری و نەمری و داهێنان، تامەزرۆییە بۆ ئازادیی و ئاشتی و داد، چیرۆكی یۆنانە كە دڵی كازانتزاكیسی دەشكاند و چیرۆكی خۆرئاوایە كە ڕۆحی هەلاهەلا دەكرد و چیرۆكی سۆڤییەتە كە بەشداریی لە نائومێدییەكەیدا دەكرد، چیرۆكی خۆرهەڵاتە كە تا ئاستی باوەڕبوون بەوەی دڵێكی ئەفریقایی لە سینگیدا لێ دەدا، عاشقی بوو.
ئەم كتێبە چیرۆكی ژیانی كازانتزاكیس خۆشیەتی، بەو چەشنەی كە ویستوویەتی؛ بژی و بەو چەشنەش ژیابێت كە خۆی ویستوویەتی.
نیكۆس كازانتزاكیس لە ١٨٨٣ لە شاری هێراكلیون لە دوورگەی كریت لە دایك بووە. لەو كاتەدا كریت لە ژێر كۆنترۆڵی حكوومەتی عوسمانیدا بووە، نیكۆس لە كەشوهەوای ڕاپەڕینی گەلی كریت دژی عوسمانییەكان گەورە بوو. ماوەیەك لە قوتابخانەی فڕەنسی لە دوورگەی ناكسۆس خوێندوویەتی كە لەلایەن دەروێشەكانی كاسۆلیكەوە بەڕێوە دەبرا.
لە ساڵی ١٩٠٦ بڕوانامەی دكتۆرای بەدەست هێنا. لە ساڵی ١٩٠٧ چووە پاریس و بووەتە خوێندكاری هێنری بێرگسۆن فەیلەسووفی بەناوبانگی فڕەنسی.
كازانتزاكیس لە ڕۆمانی مەسیحی دیسان لە خاچدراودا زۆر بە جوانی ژێردەستەیی و ستەم و زۆری عوسمانییەكان پێشان دەدا. لە شەڕی بەڵكاندا چووە ناو سوپای یۆنان و دژی دوژمن شەڕی كردووە و دوای شەڕەكەش، كاری بەڕێوەبردنی گشتی لە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی قبووڵ كردووە و هەروەها نوێنەری یونسكۆ بووە لە پاریس .
لە ساڵی ١٩٥٦ لەلایەن كۆمەڵەی نووسەرانی یۆنانییەوە بەربژێر بوو بۆ خەڵاتی نۆبڵ لە وێژە، لە ساڵی ١٩٥٧ دا بە دەنگێكی كەمتر لە ئەلبێرت كامۆ خەڵاتەكەی لە دەست دا.
نیكۆس كازانتزاكیس چاودێری شەڕەكانی ناوخۆی ئیسپانیا دەكات، گەشتێكی بۆ چین و ژاپۆن و میسر و قودس و ئیتاڵیا و ئینگلتەرا و نەمسا و قوبرس و فڕەنسا كردووە .
نیكۆس كازانتزاكیس لە ژێر كاریگەریی ڕەوتی جیاواز و سەردەمی جیاوازدا بوو، وەك مەسیحییەت، ئاینی بودا، فەلسەفەی فریدریش نیچە، هێنری بێرگسن، هێنری جەیمس، ئارسەر شۆپنهاوێر . مەیلی بەرەو ماركسیزم - لینینیزم بوو، بەڵام هەرگیز ئەندامێتی هیچ حزبێكی كۆمۆنیستی قبووڵ نەكرد.
گۆڕی نیكۆس كازانتزاكیس لە شاری هێراكلیۆن. لەسەر گڵكۆیەكە نووسراوە: "نە ئاواتێكم هەیە و نە دەترسم". من ئازادم.
زۆربەی بەرهەمە سەرەكییەكانی كازانتزاكیس وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی كوردی (شێوەزاری سۆرانی) و لە كتێبخانەكانی كوردستاندا بەردەستن.
گرنگترین بەرهەمەكانی بە كوردی: زۆربای یۆنانی (Alexis Zorbas): بەناوبانگترین ڕۆمانیەتی كە كارەكتەری "زۆربا" تێیدا بووەتە سیمبولی خۆشەویستی بۆ ژیان و یاخیبوون.