نەزاكەت حوسێن: بودجەی 2027 دژی خەڵكی كوردستان داڕێژراوە

:: PM:02:49:26/10/2026 ‌
نەزاكەت حوسێن ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "وشە" باسی ئەو تەڵانە دەكات لە بودجە دانراو، بۆیە پێویستە رێگرییان لێ‌ بكرێت و رێگە نەدرێت بەم شێوەیە تێپەڕێنرێتن، چونكە دەبێتە هۆكاری فەوتاندنی چەندان مووچەی خەڵكی كوردستان.

بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو تێبینیی چی كراوە؟
لە بودجەدا ئێمە ساڵانە هیوا دەخوازین بودجەیەك دابنرێت لە بەرانبەر پشكی كوردستان شایستە بێت، بەداخەوە ساڵانە بودجەی كوردستان بەشێوەیەك دەبێت لە بەرانبەر پێداویستی خەڵكی كوردستان نابێت، بەڵام بەداخەوە هەموو ساڵێك لە چاو خواست و پشكی كوردستان نییە و كەموكوڕیی زۆری تێدایە.

بودجەی ساڵی 2027 چیی تێدا دەستكاری كراوە دژی خەڵكی كوردستان بێت؟
بۆ ساڵی داهاتووش بەداخەوە پشكی هەرێمی كوردستان لەچاو خواست پشكەكەی نییە كە لە یاسادا هەیە، ئەوەیش وەك كارتی گوشار و سزادانی خەڵكی كوردستانە لەلایەن بەغداوە بەكار دێت، پشكی راستەقینەی هەرێمی كوردستان 14.14% یە، بەڵام ئەوان هەستاون پشكی هەرێمی كوردستانیان دوای جیاكردنەوەی بودجەی سیادی، دیاری كراوە بە 12.67، ئەمەیش وا دەكات پشكی كوردستان دەبێتە 6% ئەمەیش رەفتارێكی باش نییە لەگەڵ خەڵكی كوردستان.
 
ئەو پشكەی عێراق دیاری كردووە كێشە بۆ مووچە دروست دەكات؟
ئەوەی بودجەی سیادی دیاری كردووە، بۆ مووچەش كێشە دروست دەكات و وا دەكات چەند مووچەیەكیش بفەوتێت، ئەوەیش بەهۆی دیاریكردنی لەسەر "خەرجی فعلی"، بۆیە داوامان كردووە مووچە بخرێتە سەر خەرجییەكانی تر كە تەنیا كوردستان مووچەی لەسەر خەرجی فعلی دیاری كراوە.

لە بودجەی سیادی ناتوانرێ قەرەبوو بكرێتەوە؟
لە بودجەی سیادیی عێراق پشكی هەرێمی كوردستانی تێدا نییە، هیچ پشكێك بۆ كوردستان دانەنراوە، ئەوەیش بۆ خۆی كێشەی دروست كردووە لە خەرجیی فعلی لێت دەبڕێت و لە خەرجیی سیادی پشكت نادات.

دەستوور هەیە، بۆچی كێشەكان چارەسەر نابن و بەردەوام دووبارە دەبنەوە؟
هەرچەندە هەرێمی كورستان دەیەوێ كێشەكان لەرێی دەستوور و یاسا چارەسەر بكات، بەڵام بەغدا هەرگیز لە هیچ خولەكان نەیویستووە كێشەكان چارەسەر بكات، ئەمەیش دەبێتە هۆكاری بەردەوامی كێشەكان.

ئێوە وەك فراكسیۆنی پارتی بەنیازن چی بكەن؟
وەك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوە نین بودجە بەمشێوەیە تێپەڕێت، چونكە بە تێپەڕاندنی بەم شێوەیە، دەبێتە كێشە بۆ مووچە و تەنگژەیەكی توندی ئابووری لە هەرێمی كوردستان دروست دەكات.



وشە - رامیار جەواد