لە كۆنسێرتێكی شایستەدا، یادی هونەرمەندی گەورە قادر كابان كرایەوە. ئەم چالاكییە لەلایەن تیپی مۆسیقای سلێمانییەوە بە سپۆنسەریی ئانزو فاوندەیشن بەڕێوەچوو.
بەئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆری دڵسۆزی هونەر و رەسەنایەتی لە پایتەختی رۆشنبیری، ئێوارەیەكی وەفاداری بۆ رێزلێنان لە ژیان و بەرهەمەكانی هونەرمەند قادر كابان لە هۆڵی تەلاری هونەر بەڕێوەچوو.
لەو بۆنەیەدا تیپی مۆسیقای سلێمانی كۆنسێرتێكی هونەری رێكخست و ناوەندی هونەری زەنێش، ژیان و كاری هونەری و هەڵوێستە نیشتمانییەكانی قادر كابانی بەشێوەی دیكۆدرامی بەناونیشانی 'شەوقی چاوەڕوانی' پێشكەش كرد، كە هونەرمەندی شەهیدی بەپەرۆشی بەرەوپێشبردنی هونەر و موزیك و خەبات و كوردپەروەری و نهێنی پارێزی رێكخستنەكان وەسف كرد.
هەر لەو میانەیەدا قەڵغانی رێزلێنانی بەخشرایە هاوسەری هونەرمەند و هەردوو هونەرمەندی كۆچكردوو كەریم كابان و ولیەم یوحەننا، وەك شەش قەڵغانی تریش بەخشرایە هونەرمەندان و هاوڕێ و یاوەرانی قادر كابان.
ئێوارە هونەرییەكە لەناو چەپڵەرێزان و رەزامەندیی ئەو جەماوەرە بەرچاوەی ئامادەبوودا، بە پێشكەشكردنی پێنج بەرهەمی گۆرانی و موزیك كۆتایی هات.