ئەنتاڵیا.. گەردەلوول كۆتایی بە ژیانی چوار كەس هێنا

:: AM:10:12:27/10/2026 ‌
شەوی ڕابردوو و به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌م گەردەلوولێكی بەهێز و بارانی بەخۆڕ ئەنتاڵیای توركیای گرتەوە، بەوهۆیەوە چوار كرێكار كە لە كۆنتێنەرەكانی مانەوە لەسەر شەقام بوون، گیانیان لە دەست دا.

بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو چوار كرێكارە دووانیان لە شوێنی مانەوەیان مردوون و دووانی تریش دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە و گرتنەبەری رێوشوێنی پزیشكی، گیانیان لە دەست داوە.

دەسەڵاتدارانی شارەكە ڕێنوێنی و هۆشداریی توندیان بە خەڵكی ناوچەكە دا، دوای ئەوەی گەردەلوول و بایەكی زۆر بەهێز و بارانێكی زۆر بەخوڕ ناوچەكەی گرتەوە، داوایان كرد كۆنتێنەرەكانی مانەوەی كاتی كرێكاران لە ناوچەكانی بنیاتنان چۆڵ بكرێ و بەرزكەرەوە مەزنەكان و كەلوپەلە قورسەكان لە بەرزییەكان بهێنرێنە خوارەوە، لە ناوچە كەناراوییەكان دوور بكەونەوە و ئەگەری هاتنی شەپۆلی دەریا و بەرزبوونەوەی ئاو بۆ ناو ناوچە كەناراوییەكان بوونی هەیە.

بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا، دەریای ناوەڕاست شەپۆلی مەزنی لێ دروست بووە و برووسك و بارانی بەخوڕیش دەبارێت، ئەمانە مەترسییەكان لەسەر ناوچە كەناراوییەكانی توركیا و یۆنان دروست كردووە.

بەوهۆیەوە دەسەڵاتدارانی یۆنان بەهەمانشێوە هۆشدارییان بە خەڵكی ئەسینا و دوورگەكانی دودیكانیز و سپۆرادیس و ئیڤیا دا، كە مەترسی هەستانی ئاو و گەردەلوولی برووسكە و بارانی بەخوڕ بوونی هەیە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د