لە ماوەی دواییدا نرخی زێڕ دابەزینێكی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی، شارەزایان هۆكارەكەی بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێننەوە، لەوانە ترس لە بەردەوامبوونی هەڵاوسان و زیادبوونی گرەوكردن لەسەر ئەگەری زیادكردنی نرخی سوود لە ئەمەریكا بەر لە كۆتایی ئەمساڵ و هیتریش، ئەوە لەوكاتەی دەبوایە بە هۆی ئاڵۆزییە جیۆسیاسییەكان خواست لەسەر زێڕ زیادی كردایە.
هۆكاری ئەو دابەزینەی نرخی زێڕ، تێكەهەڵكێشیی چەند خاڵێك بوو، كە گوشاریان دروست كردووە، لە پێشەوەیان زیادبوون و هەڵكشانی نرخی سووتەمەنی و نەوت و گۆڕانكاری لە پێشبینییەكان سەبارەت بە سیاسەتی نەختێنەیی، كەمبوونەوەی خواستی وەبەرهێنەران، جیا لە پاكتاوكردنی ناوەندە وەبەرهێنانییەكان.
لە ماوەی رابردوو بە هۆی مەترسی لە كەمبوونەوەی گەیشتنی نەوتی بۆ
بازاڕەكان، بە تایبەتی لە دوای هێرشی حووسییەكان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە، نرخی نەوت زۆر بەرز بووەوە، ئەوەش گوشاری خستە سەر نرخی زێڕ، هاوكات وەبەرهێنەران لە كڕینی سارد بوونەوە، چاویان لەسەر هەڵاوسانە لە ئەمەریكا و توانای بانكەكان و زیادكردنی نرخی سوود، بە تایبەتی كە زێڕ سوود لە كەمبوونەوەی نرخی سوود دەبینێت، بۆیە داتاكان لەبارەی هەڵاوسان لە ئەمەریكا و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ئەگەری بەرزكردنەوەی نرخی سوود لە لایەن ئەنجوومەنی یەدەگی ئەمەریكی لە كانوونی یەكەمی داهاتوو، ئەوانە خواستیان بۆ كڕینی زێڕ كەم كردەوە.
هەروەها دابەزینی بەهای پشكی كۆمپانیاكانی تەكنۆلۆجیا دابەزینی نرخی زێڕیان خێراتر كرد، جیا لەوەش هەندێك لە بانكە ناوەندییەكان دەستیان بە فرۆرشتنی زێڕ كردووە وەك بانكی ناوەندیی رووسیا، سەبارەت بە نرخی زێڕ لە داهاتوو، پێشبینییەكان لەسەر ئاستی كورتمەودا ئاماژە بۆ مانەوەی نرخەكە بە نزمی دەكەن، لەسەر ئاستی درێژمەوداش وەستاوەتە سەر گۆڕانی هۆكارەكانی نزمبوونەوەی نرخەكەی.