شانۆیەك لەبارەی شێتەكانی هەولێر نمایش دەكرێت

:: AM:08:54:28/10/2026 ‌
شانۆیەك لەبارەی شێتەكانی هەولێر بەرهەم دێت و بڕیارە لە مانگی داهاتوودا دەست بەنمایش بكات، شانۆگەرییەكە ناوی "ئیمپراتۆریەتی هەیاس"ـە.

شێتەكانی هەولێر لە ساڵانی 70 و 80 كاندا بەناوبانگ بوون و بەشێك بوون لە ژیانی رۆژانی بازاڕ و خەڵكی شارەكە، بەپێی گێڕانەوەی د. ژیلوان تاهیر، ئەو شێتانە بە نیاز بوون ئیمپراتۆریەتێك دروست بكەن و دوور بكەونەوە لە خەڵكی شارەكە.

د. ژیلوان تاهیر دەرهێنەری شانۆگەرییەكە، بە "وشە"ی راگەیاند، وەك باس دەكرێت شێتەكانی ساڵانی 70 و 80كان  ویستوویانە ئیمپراتۆریەتێك بە ناوی 'شێتەكانی هەیاس' لە قشڵەی هەولێر دروست بكەن و خۆیان لە خەڵكی شارەكە جیا بكەنەوە، دیارە خەڵك ئەوكاتە شێتی زۆر خۆش ویستووە و سۆزیان بۆیان هەبووە و رۆژانە خزمەتیان كردوون، بۆیە لێ نەگەڕاون دوور بكەونەوە.

شانۆگەرییەكە ناوی "ئیمپراتۆریەتی هەیاس"ـە، سەعات شەشی ئێوارەی  یەكی مانگی 11 لە هۆڵی رۆشنبیری یەكەم نمایشی دەكرێت و رۆژانی دواتر بەردەوام دەبێت. 

شانۆكە دەیەوێ بیرەوەریی شارەكە لە رێگەی ناساندنەوەی شێتەكانیەوە زیندوو بكاتەوە، ئەكتەرەكانیش بەشی زۆریان خۆیان لەو كاتانەدا ژیاون و شێتەكانیان ناسیوە.

بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەر، خاوەندارێتیی شانۆگەرییەكە دەكەن و ئەو ئەكتەرانەی هەڵبژێردراون، خۆیان لە ساڵانی رووداوەكان ئەكتەر بوون.




وشە - سۆران عەزیز