كاتێك مرۆڤ بە خێرایی یان راكردن یاخۆ بەسەر پەیژە و بەرزاییدا دەكەوێت، تووشی توندیی هەناسە دەبێت كە پێی دەگوترێ "هەناسەبڕكە". پسپۆرانی تەندروستی لەبارەی ئەو حاڵەتە زانیاری دەخەنەڕوو كە لە چ كاتێكدا، پێویست دەكات سەردانی پزیشك بكەن.
بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی "
شەرق ئەوسەت"، رۆشنایی خستووەتە سەر زانیارییەكانی پسپۆران كە قسەیان لەبارەی هەناسەبڕكەوە بۆ پێگەی "هاڤ پۆست" كردووە و ئاماژە دەدەن، كاتێك مرۆڤ لە حاڵەتی راكردن یان رۆیشتن زۆر بەخێرایی یاخۆ حاڵەتی سەركەوتن بەسەر پەیژە دەبێت، ئاساییە تووشی هەناسەبڕكە بێت، بەڵام كاتێك هەناسەبڕكەكە درێژەی كێشا و ئازاری لەگەڵدا بوو، پێویستە سەردانی پزیشك بكات.
د. كاترین پۆلجیرەز كە پسپۆری پزیشكیی وەرزشییە لەوبارەیەوە روونی دەكاتەوە، هەناسەبڕكە حاڵەتێكی ئاسایی مرۆڤە كاتێك زۆر ماندوو دەبێت، ئەوكات تووشی هەناسەسواری دەبێت، بەڵام دوای ماوەیەكی كورت لە وەستان یان پشوو، هەناسەی ئاسایی دەبێتەوە، كاتێكیش ماوەی هەناسەبڕكەكە درێژەی كێشا، هی ئەوەیە بە هەند وەربگیرێت، بەتایبەتی ئەگەر حاڵەتەكە نیشانەی نەرێنیی وەك نەخۆشیی بەدواوە بێت، پێویستە راستەوخۆ سەردانی پزیشك بكرێت.
ئەو پزیشكە زیاتر دەڵێت كە هەناسەبڕكە وەڵامدانەوەی فسیۆلۆجیی زۆر سروشتییە، چونكە كاتێك مرۆڤ لە ئاستی پێویست خۆی ماندوو دەكات، واتە جەستە ئەركی زیاتر لە توانای خۆی خەرج دەكات، بۆ ئەوەیش پێویستیی بە ئۆكسیجین و ناردنی هەوایە بۆ سییەكان. بۆ نموونە كاتێك كەسەكە بەسەر پەیژەدا دەكەوێت، لەهەر پەیژەیەكدا تەواوی كێشی جەستە هەڵدەگرێت، بۆ ئەوەیش ماندووبوونی زیاتری دەوێت.
دووپاتی كردەوە كە ئەگەر لە دوای هەناسەبڕكە، هەناسەیە ئاسایی زیاتر لە خولەكێكی ویست، ئەوكات هی ئەوەیە مرۆڤ تووشی دڵەڕاوكێ بێت. ئەگەرچی جۆری هەناسەبڕكەكە پێوەندیی بە خێرایی سەركەوتن و هەڵگرتنی ئەو قورساییەیە كە كەسەكە هەڵیدەگرێت، بۆ نموونە كاتێك كەسەكە بەسەر پەیژەدا دەكەوێت و جانتایەكی هەڵگرتووە، ئەوكات ماندوویی زیاتر دەوێت ئەگەر هیچی پێ نەبێت و بە لەسەرخۆیی پەیژەكان ببڕێت.
بۆیە پسپۆرانی تەندروستی دووپاتی دەكەنەوە كە ئەگەر لەگەڵ هەناسەبڕكەدا ئازاری سینگ هەبێت و ماوەكەیشی درێژەی كێشا، هی دڵەڕاوكێیە و پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت، ئەگەری هەیە كێشەی دڵ یان سییەكان هەبێت، هاوكات جگەرەكێشان هۆكارێكی ترە لەگەڵیدا حاڵەتی كەمخوێنی كە بەهەمانشێوە هەناسەبڕكە دروست دەكات.