لە نەشتەرگەرییەكی سەركەوتوودا لە نەخۆشخانەی رزگاریی فێركاری لە هەولێر، زیاتر لە 160 بەرد لە میزڵدانی نەخۆشێك دەرهێنران.
نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێركاری رای گەیاند، لە چوارچێوەی بەردەوامیی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە پسپۆڕییە تەندروستییەكان و بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی چاودێریی پزیشكی، تیمی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەكە سەركەوتوو بوو لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دەرهێنانی زیاتر لە 160 بەرد لە میزڵدانی نەخۆشێكدا.
پرۆسەكە بە هەوڵ و هاوكاریی تیمێكی پزیشكیی پسپۆڕ و كادری تەندروستیی شارەزا ئەنجام دراوە، كە تیمی پزیشكی بریتی بوون لە د. سەرهەد ڕەشید پسپۆڕی نەشتەرگەریی میزەڕۆ و د. سوومەیە پزیشكی نیشتەجێی دێرینی میزەڕۆ و د. زریان پزیشكی نیشتەجێی دێرینی میزەڕۆ و د. ئەیاد پزیشكی پسپۆڕی بێهۆشكاری.
نەخۆشخانەكە دووپاتی لە گرنگیی كاركردنی تیمی، پسپۆڕیی پزیشكی و بەردەوامیی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان كردووەتەوە، بە ئامانجی دابینكردنی چاودێرییەكی گونجاو و كوالێتییەكی بەرز بۆ سەرجەم ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانەكە دەكەن.