ئەمڕۆ هەینی 30ی تشرینی یەکەمی 2026، لە سەرەتای مامەڵەکانی ئاسیادا نرخی زێڕ دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەهۆی بەردەوامیی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە ئەمەریکا، پێشبینییەکان بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود زیادیان کردووە و کاریگەریی نەرێنییان خستووەتە سەر کانزا گرانبەهاکان.
نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بە ڕێژەی 0.4% دابەزی و گەیشتە 4006.06 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، هاوکات گرێبەستە ئایندەییەکانی زێڕی ئەمەریکی بۆ مانگی کانوونی یەکەم بە ڕێژەی 0.3% دابەزی و گەیشتە 4018.50 دۆلار. بەمەش زێڕ لەسەر ڕێڕەوی تۆمارکردنی زیانە بۆ دووەم مانگ لەسەریەک.
بەپێی داتاکان، هەڵاوسان لە ئەمەریکا لە مانگی ئەیلوولدا خێراتر بووە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بەنزین و کاڵاکانی تر. بەپێی ئامرازی "فید وۆچ"، مامەڵەکاران بە ڕێژەی 75% پێشبینی دەکەن لە مانگی کانوونی یەکەمدا بانکی ناوەندیی ئەمەریکا ڕێژەی سوود بەرز بکاتەوە، کە ئەمەش تێچووی هێشتنەوەی زێڕ زیاد دەکات و خواست لەسەری کەم دەکاتەوە بەو پێیەی قازانجی نەختینەیی نییە.
لەلایەکی ترەوە، دوێنێ پێنجشەم بانکی ناوەندیی ئەورووپا ڕێژەی سوودی وەک خۆی هێشتەوە، بەڵام ئاماژەی بە ئەگەری بەرزکردنەوەی دا لە مانگی کانوونی یەکەم بەهۆی مەترسییەکانی هەڵاوسان و بەرزیی تێچووی وزە. هەروەها بانكەکە ڕای گەیاند کە کریستین لاگارد، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەورووپا لە حەوتی شوباتدا دەست لەکار دەکێشێتەوە.
لەبارەی کانزاکانی تریشەوە، نرخی زیو بە ڕێژەی 1% دابەزی و گەیشتە 51.87 دۆلار، پلاتینیش لە 1488 دۆلار جێگیر بووە، لە کاتێکدا پلادیۆم بە ڕێژەی 0.5% دابەزی بۆ 1000.75 دۆلار، بەمەش هەر سێ کانزاکە ڕووبەڕووی زیانی هەفتانە و مانگانە بوونەتەوە.