بۆ ئەوانەی شەوانە بۆ خواردن واز لە سەلاجە ناهێنن

:: PM:08:28:31/10/2026 ‌

رەنگە خۆت یان ئەندامێكی خێزانەكەت، شەوانە بە بەردەوام خەریكی كردنەوەی دەرگەی سەلاجە و سەیركردنی ئەوە بێت كە لە ناویەتی، رەنگە برسی نەبن، بەڵام بە دوای ژەمێكی سووك و بە پاڵنەری رارایی و ماندووبوونەوە ئەو كارە دەكەن، یان وا راهاتوون بە كاتێك بێ كار بن یان بە دیار تەلەڤزیۆنەوە شت بخۆن.

گرنگە مرۆڤ جیاوای لە نێوان برسیەتی راستەقینە و تەنیا خواردن بۆ خواردن و نەریت و هەستكردن بە چێژ بكات، بۆیە ئەو پرسیارە لە خۆت بكە، بۆچی دەبێت بخۆم؟، زۆر جار خواردنی شەوانە دەبێتە ئاكارێك و دەبێت شتێكی سووك بخورێت، بە دووبارەبوونەوەی ئەو ئاكارەش، مێشك شەوانە چاوەڕوانی خواردن دەكات.

لینی یانكین پسپۆڕی بواری خۆراك ئاماژە دەكات، بەر لە خواردن لە خۆت بپرسە، ئاخۆ برسێتییەكەم راستەقینەیە، یان بەهۆی بێزاری و رارایی و بە هۆی راهاتنەوە دەخۆم؟، پێویستە هۆكاری خواردنەكەت بزانیت.

بەپێی توێژینەوەكان سەرقاڵبوون بە شتی تر لە كاتی خواردن، وا دەكات بڕی زیاتر بخورێت، بۆیە پێویستە مرۆڤ بزانیت بۆچی و چی دەخوات؟، یان زۆر سەیركردنی رێكلامەكانی خواردن، خواست بۆ خواردنیان زیاتر دەكات ئەگەر برسیش نەبیت.

وا باشترە دڵنیا بینەوە كە ئاخۆ برسیت یان نا؟، رەنگە خواردنی ژەمەكانت وەك پێویست نەبووبێت یان ئەو رۆژە شەكەت و وەرزشی زۆرت كردبێت، بۆیە وەك یانكین ئاماژە دەكات بیرت بێتەوە بە رۆژ چیت خواردووە، ئەگەر بە راستی برسیبوویت، ژەمێكی سووك بخۆ نەك هەر خواردنێك چاوت بكەوێتە سەر.    


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل