وەزارەتی گواستنەوەی حكوومەتی هەرێم، پاسەكانی هەولێر رێكدەخاتەوە و بەمزووانە كۆنەكان نامێنن و كۆمەڵێك پاسی نوێ شوێنیان دەگرێتەوە، سیستمەكە بەشێوەیەكە قەرەباڵغی ناوشار كەم دەكاتەوە.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی گواستنەوەی حكوومەتی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، ژمارەیەك پاسی نوێ و مۆدێل 2026 دەگەنە هەولێر و لە ژێر پڕۆژەیەكی نوێ و بەناوی "سیتی پاس" سەرجەم پاسەكانی گواستنەوەی هەولێر رێكدەخرێنەوە.
ئەم پاسانە بەشێوەیەك رێكدەخرێن كە هێڵەكانی ناوشار چالاك بكەن و هاووڵاتییان پێویستیان بەئۆتۆمبێلی خۆیان نەمێنێت و بەشێوەیەكی ئاسان هاتوچۆ بكەن، شارەزایان پێیان وایە ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێكی گرنگە بۆ نەهێشتنی قەرەباڵغیی ناوشار.
لەبارەی "تاكسی میتەر" وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت، بەمزووانە لە ڕێگەی لیژنەیەكی هاوبەشەوە لە نێوان وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتەكانی ناوخۆ و سامانە سروشتییەكان، لەگەڵ پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بە قیستی درێژخایەن و بەبڕە پارەیەك كە گران لەسەر شۆفێران نەكەوێت، بەسەر شۆفێراندا دابەش دەكرێت.
سیتی پاس (City Pass) پڕۆژەیەكی ستراتیجیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ ڕێكخستنەوە و پێشخستنی كەرتی گواستنەوەی گشتی و پاسەكان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت هەولێر و سلێمانی.
ئەم پڕۆژەیە دەمێكە لە ئارادایە و زۆریش دواكەوت، بەڵام وەزارەتی گواستنەوە بەتایبەت لەم كابینەیە لە هەوڵی رژددایە پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت.
ئامانجی پڕۆژەكە ڕێكخستنەوەی جەنجاڵی و سیستمی هاتوچۆ، كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و نوێكردنەوەی پاسەكانی گواستنەوەی ناوشارە.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، كۆمەڵێك پاسی نوێ و مۆدێل ٢٠٢٦ دادەنرێن و سەرجەم پاسەكان لە چوارچێوەی ئەم سیستمێكی نوێدا رێكدەخرێنەوە. پڕۆژەی سیتی پاسی هەولێر چەندان هێڵی سەرەكی لەخۆ دەگرێت كە سەرجەم ناوچەكانی شار پێكەوە دەبەستنەوە.