دایكە حەلاوەی ڕزگاربووی نوگرەسەلمان و دایكی حەوت شەهیدی ئەنفال ماڵئاوایی كرد

:: AM:10:54:02/11/2026 ‌
دایكی حەلاوە كە رزگاربوویەكی نوگرەسەلمان و شاڵاوی ئەنفال بوو، دوای 38 ساڵ ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد، ئەو یەكێك بووە لە سیمبولە زیندووەكانی شاڵاوی ئەنفال.

ئەمڕۆ دووشەم دووی تشرینی دووەم، خاتوو حەلاوە عەلی سەمین ناسراو بە «دایكە حەلاوە»، یەكێك لە سیمبولە دیارەكانی سەردەمی تاوانی ئەنفال و ڕزگاربووی قەڵای نوگرەسەلمان بوو، لە قەزای خورماتوو دوای 38 ساڵ ژیان لەناو حەسرەت و چاوەڕوانیی گەڕانەوەی جگەرگۆشەكانی، ماڵئاوایی لە ژیان كرد.

دایكە حەلاوە كە سەربە عەشیرەتی داودییە و خەڵكی ناوچەی داوەی سەربە قەزای خورماتووە، لە شاڵاوە ڕەشەكانی ئەنفال لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1988، گورزێكی كەمەرشكێنی بەركەوت؛ كاتێك حەوت ئەندامی خێزانەكەی كە پێكهاتبوون لە شەش كوڕ و كچێك، لە بەردەم چاویدا ڕاپێچ كران و بۆ هەمیشە بێسەروشوێن كران و خرانە كاروانی شەهیدانی ئەنفالەوە.

ئەم دایكە خۆڕاگرە، هەر لە كاتی شاڵاوەكاندا لەگەڵ خێزانەكەی گیرا و بۆ ماوەی شەش مانگ لەناو زیندان و دۆزەخی «قەڵای نوگرەسەلمان»دا ڕووبەڕووی دژوارترین توندوتیژی و برسێتی بووەوە. هەرچەندە توانی لەو قەڵا مەرگهێنەرە بە زیندوویی دەربازی ببێت و بگەڕێتەوە، بەڵام بۆ ماوەی 38 ساڵی ڕەبەق، چاوەكانی لە دەرگا دانەخست و بە ئومێدی بینینەوە یان دۆزینەوەی ئیسك و پروسكی منداڵەكانی مایەوە، تا دواجار بەو حەسرەتەوە بۆ هەمیشە چاوەكانی لێكنا.


وشە - رامیار جەواد