كتێبخانە تایبەتەكەی ڕەفیق سابیر بەخشرایە كتێبخانەی گشتیی قەڵادزێ

:: AM:11:10:02/11/2026 ‌
ڕەفیق سابیر پێش مردنی وەسیەتی كردبوو كتێبخانە تایبەتییەكەی ببەخشنە كتێبخانەی گشتی قەڵادزێ. لە كتێبخانە گشتییەكەشدا بەشێكی تایبەت بەناوی شاعیری دیاری كورد رەفیق سابیرەوە دەكرێتەوە.

كتێبخانەی قەڵادزێ بەڵێنیان داوە سەرجەم كتێب و سەرچاوەكانی د. رەفیق سابیر، بە شێوازێكی زانستی بپارێزرێن و رێزی لێ بگرن.

هاوكات كتێبخانەی گشتیی قەڵادزێ، لە ڕاگەیەنراوێكدا سوپاس و پێزانین ئاراستەی بنەماڵەی د. ڕەفیق سابیر دەكات.

د. ڕەفیق سابیر قادر لە ساڵی 1950 لە شارۆچكەی قەڵادزێ لە دایك بووە، خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی هەر لە شارەكەی خۆی تەواو كردووە. لە ساڵی 1970-1974 لە زانكۆی بەغدا، كۆلێجی ئەدەبیات، بەشی زمان و ئەدەبی كوردی خوێندوویەتی. لە هاوینی ساڵی 1972 تا ئەیلوولی 1978 وەك ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی بیری نوێ لە بەغدا كاری كردووە. لە ساڵی 1976 یەكەمین كۆمەڵە هۆنراوەی بە ناوی (پشكۆكان دەگەشێنەوە) لە بەغدا بڵاو بووەتەوە.

لە سەرەتای ساڵی 1981 لە شاخ لەگەڵ كۆمەڵێك نووسەر یەكێتیی نووسەرانی كوردستانیان دامەزراندووە،  گۆڤاری (نووسەری كوردستان)یان دەركردووە. لە هاوینی ساڵی 1982 دوای پەرەسەندنی شەڕی براكوژی، كوردستانی بەجێهێشتووە و چووەتە بوڵگارستان. لەوێ لە ئەكادیمیای زانستە كۆمەڵایەتییەكان، بەشی فەلسەفە، درێژەی بە خوێندن داوە.

لە هاوینی ساڵی 1987 بڕوانامەی دكتۆرای لە فەلسەفە وەرگرتووە. دكتۆرنامەكەی بە ناوی (ڕۆڵی كولتوور لە پێكهێنانی هۆشیاریی نەتەوەیی كورد) نووسیوە.

لە ساڵی 2001 خەڵاتی ئەدەبیی (كلاس دی ڤیلدێ)ی سویدی پێ بەخشرا. ئەو خەڵاتە ئەدەبییە دوو ساڵ جارێك بە نووسەرێكی بیانی دەدرێت كە بەرهەمەكانی بە سویدی بڵاو كرابنەوە.

هۆنراوەكانی ڕەفیق سابیر بۆ چەندان زمانی بیانی هاتوونەتە وەرگێڕان، لەوانە عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، فڕەنسی، سویدی، دانماركی، نەرویجی، هۆڵەندی و ئیستۆنی.



وشە - سۆران عەزیز