یاریزانێكی دیاری پێشووی یانەی ئەهلیی میسری بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە، تووشی شەڕ بووە و بەهۆیەوە بە "چەقۆ" لێی دراوە، بەرلەوەی بگەیەنرێتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەر، گیانی لە دەست داوە.
پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم دووس تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی شەڕی نێوان دوو دراوسێ لە پارێزگاری ئیسماعیلییەی رۆژهەڵاتی میسر كە بەهۆی منداڵانەوە بووە، ئیبراهیم بەغدادی كە یاریزانی پێشووی یانەی ئەهلیی ئەو وڵاتە بووە، بەرچەقۆ درا و بەرلەوەی بگەیەنرێتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەر، گیانی لە دەست دا.
باس لەوە دەكرێ هێزە تەناهییەكان لە رووداوەكە ئاگادار كرانەوە كە ئەو یاریزانە كوژراوە، كێشەكەیش بەهۆی دەمەقاڵێی منداڵانەوە بووە و هەردوو لایەنی شەڕەكە دراوسێن، بەڵام بەهۆی تەشەنەكردنی شەڕەكە، چەند چەقۆیەك بەر سكی ئەو یاریزانە كەوتووە و تووشی خوێنبەربوون بووە، ئەنجام گیان لەدەستدانی بەدواوە بووە.
ئیبراهیم بەغدادی یاریزانی پێشووی یانەی ئەهلی بووە و لە چەندان یاریی لەگەڵ ئەو یانەیە بەشداریی كردووە، پاشان لە چەندان یانەی تریشدا یاری كردووە و ناوی دیاری بوارەكەیە لە میسر.