لە چوارچێوەی رێكخستنەوەی كەرتی گەشتوگوزار و نەهێشتنی كاری هەڕەمەكی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سۆران، پرۆسەی پێدانی مۆڵەتی فەرمیی بە رێبەرانی گەشتیاری لە رێگەی چاوپێكەوتن و دوو تاقیكردنەوەوە دەست پێ كرد.
بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران رای گەیاند، زیاتر لە 25 مەرج بۆ بوون بە رێبەری گەشتیاری دیاری كراون، لە دیارترینیان شارەزایی تەواو لە مێژوو و ناوچە گەشتیارییەكان، نەبوونی پێشینەی تاوان و شارەزایی دیجیتاڵی، بەبێ ئەوەی هیچ ژمارەیەكی دیاریكراو بۆ وەرگرتن دابنرێت.
گوتیشی، دوای چاوپێكەوتن، تاقیكردنەوەی كرداری بۆ بەشداران ئەنجام دەدرێت و هەر كەسێك لەو دوو تاقیكردنەوەیە دەرنەچێت، مۆڵەتی كاركردنی پێ نادرێت، ئەوەشی دەرچوو خولی تایبەتی راهێنان لەسەر بەڕێوەبردنی گرووپە گەشتیارییەكانیان بۆ دەكرێتەوە.
پشكنین و چاوپێكەوتنەكان بەسەر ناوچە جیاوازەكانی ئیدارەی سۆراندا دابەش كراون، هاوكات ئامادەكاریی چڕیش دەستی پێ كردووە بۆ پێشوازیكردن لە وەرزی گەشتیاریی زستانە و گرووپەكانی شاخەوانی.