سەرچاوەیەكی تەناهی لە باشووری عێراق ئەمڕۆ رای گەیاند، گەنجێك لەناو ماڵەكەی خۆی بە مادەی بەنزین، خۆی سووتاندووە و گیانی لە دەست داوە. لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستی پێ كردووە بۆ زانینی هۆكارەكەی.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم دووی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی سەرچاوە تەناهییەكە، ئەو گەنجەی ئەمڕۆ لە گەڕەكی حەی شوهەدای ناسریە ناوەندی پارێزگای زیقار خۆی سووتاندووە، تەمەنی لە دەوروبەری 20 ساڵدایە.
سەرچاوەكە زیاتر روونی كردەوە كە تەرمی گەنجەكە بۆ پزیشكی داد گوازراوەتەوە بۆ وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی، هاوكات لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستی پێ كردووە تا بزانرێ هۆكاری پشتی خۆسووتاندنەكە چی بووە.
بەپێ بڵاوكردنەوەی هەواڵەكە، تێیدا ئاماژە بە ناو و پیشەی گەنجەكە نەكراوە.
دۆخی خراپی دەروونی و تەناهی و ئابووری لەلایەك و دواكەوتوویی بەشێكی زۆری كۆمەڵگە و هاوكات داونەریتە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەكی تر، هۆكارگەلێكن بۆ دیاردەی خۆكوشتن لە عێراقدا، بۆیە خۆكوشتن لەو وڵاتە بووەتە دیاردە و بەتایبەتی بەغدا زۆرترین ژمارەی ئەو رووداوانەی تێدا روو دەدەن، بەڵام بەراورد بە هەرێمی كوردستان، ئەو رووداوانە زۆر كەم بوونەتەوە و لە ئاستی دەگمەندایە.