نووسراوێكی مەسروور بارزانی مژدەی لەگەڵ خۆی هێنا

:: PM:05:37:02/11/2026 ‌
بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، لەسەر داوای وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لێخۆشبوونی تەواو لە سزاكانی دواكەوتنی بەشدارییەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی درا، هەنگاوێكی نوێ بۆ ئاسانكاری خاوەنكاران، پشتگیریكردنی كەرتی تایبەت و پاراستنی مافی كرێكاران.

ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە بڕیاری ژمارە 307ی ڕێكەوتی 14ی ئۆكتۆبەر بڕیاری لێخۆشبوونی تەواوی لە سزاكانی دواكەوتنی پێدانی بەشدارییەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی دەركرد.

بڕیارەكە لە كۆبوونەوەی ژمارە 176ی ئەنجوومەنی وەزیران و لەسەر پێشنیاری وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی دەرچووە، بە مەبەستی ئاسانكاریكردن بۆ خاوەنكاران، هاندانیان بۆ پابەندبوون بە پێدانی بەشدارییەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی و لە هەمان كاتدا بەهێزكردنی سەرچاوە داراییەكانی سندووقی دەستەبەری كۆمەڵایەت/ بۆ كرێكاران، ئەو سندوقەی ڕۆڵێكی گرنگ لە پاراستنی ماف و شایستە داراییەكانی كرێكاران و دابینكردنی مووچە و مافەكانی خانەنشینییاندا هەیە.

ئەم بڕیارە لە ڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە گرنگییەكی تایبەتی هەیە؛ چونكە لە لایەكەوە دەرفەتێك بۆ خاوەنكاران دروست دەكات تا پابەندییە داراییەكانی خۆیان بەبێ بارگرانی سزاكانی دواكەوتن ڕێكبخەن، لە لایەكی تریشەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزكردنی سندووقی دەستەبەری كۆمەڵایەتی و دڵنیابوون لە پاراستنی ماف و شایستەكانی كرێكاران.

وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، لە چوارچێوەی سیاسەتی ئاسانكاری، چاكسازی و پاراستنی مافەكانی كرێكاران، بەردەوامە لە هەنگاوەكانی بۆ پەرەپێدانی سیستمی دەستەبەری كۆمەڵایەتی و بەهێزكردنی بنەماكانی پاراستنی كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان.





وشە - وشه‌