بۆردمانكردنی ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ نرخی نه‌وتی به‌رز كرده‌وه‌

:: AM:08:08:03/11/2026 ‌
به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵ و زانیاری له‌سه‌ر بۆردمانكردنی دوورگه‌ی قه‌شمی باشووری ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌، نرخی نه‌وت جارێكی تر ڕووی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ كرد.

نرخی نه‌وتی خام 48 سه‌نت به‌رز بووه‌وه‌ و به‌رمیلێكی به‌ 105 دۆلار و 25 سه‌نت فرۆشرا، هه‌روه‌ها نه‌وتی خامی ڕۆژئاوای ته‌كساس له‌ ئه‌مه‌ریكا 47 سه‌نت به‌رزبووه‌وه‌ و نرخی به‌رمیلێكی گه‌یشته‌ 96 دۆلار و 93 سه‌نت.

تیم وۆته‌ر گه‌وره‌ شرۆڤه‌كاری بازاڕ له‌ كۆمپانی كه‌ی سی ئێم تره‌ید بۆ ڕۆیته‌رز گوتی، بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕاپۆرتی بۆردمانكردنی ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو كه‌ بازاڕی نه‌وت خه‌ریكی هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كان بوو بۆ ناوه‌ندگیریكردن له‌ نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێرانه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و بۆردمانكردنه‌ ته‌واوی هه‌ڵسه‌نگاندن و پێشبینییه‌كانی بۆ پاشه‌كشه‌ی نرخی نه‌وت كۆتایی پێ هێنا.

نرخی نه‌وت له‌ مانگی ڕابردوو به‌ به‌رزترین نرخ مایه‌وه‌ و له‌ سه‌ره‌تای ئه‌و مانگه‌ ڕووی له‌ دابه‌زین كرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ری پێكدادانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران و گرژییه‌كانی نێوان حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن و سعوودیه‌، سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسی گه‌وره‌ن بۆ نه‌گه‌یشتنی نه‌وتی كه‌نداو بۆ بازاڕه‌كانی دنیا، ئه‌مه‌یش كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر نرخی نه‌وت ده‌بێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د