عێراق پەرەپێدانی كێڵگەیەكی گەورەی نەوت بە كۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریكی دەدات

:: PM:06:26:03/11/2026 ‌

ئێستە ئەمەریكا چاوپۆشی لە هەندێك بڕیار و دەستسووككردنی حكوومەتی عێراق بەرانبەر بە میلیشیاكان دەكات، هاوكات حكوومەتی عێراق لە پەرەپێدانی پێوەندی لەگەڵ ئەمەریكا و كۆمپانیاكانی بەردەوامە، وەزیری نەوتی عێراق رای گەیاند كە لەگەڵ كۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریكی بە رێككەوتن گەیشتوون بۆ پەرەپێدانی دووەم كێڵگەی نەوتی رۆژئاوای قورنە.

ئەمڕۆ سێشەم محەمەد خزەیر عەبادی وەزیری نەوتی عێراق دووپاتی كردەوە كە لەگەڵ كۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریكی لەسەر گرێبەستی پەرەپێدانی دووەم كێڵگەی نەوتی رۆژئاوای قورنە بە رێككەوتن گەیشتوون و پلان هەیە لە كۆتایی ئەمساڵ گرێبەستی كۆتایی بێتە واژووكردن.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتەكە، ئەمڕۆ عەبادی لەگەڵ جۆ كۆك بەڕێوەبەری گشتیی پەرەپێدانی كارەكان لەو كۆمپانیایە باسی تەواوكردنی گرێبەستەكەیان سەبارەت بەو كێڵگە نەوتییە كردووە، جیا لە گفتوگۆكردن لەبارەی گرێبەستی پەرەپێدانی كێڵگەی ناسریە و چوار رووبەری گەڕان تیایدا.

وەزیری نەوت ئامادەیی وەزارەتەكە بۆ پاڵپشتیكردنی كۆمپانیا ئەمەریكییەكانی لە عێراق كار دەكەن و نەهێشتنی بەربەستی بەردەم كاركردنیان دەربڕی، ئاماژەی كرد ئەو كۆمپانیایانە ئەزموونی باشیان لە پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان و گواستنەوەی تەكنۆلۆجیا و شیاندنی تیمەكانی كاركردن هەیە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل